پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

ڕۆژی دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دوو بابەت گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەوانیش هێرشە درۆنیەکانە بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکەی 'کوت'ـە. 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ڕۆژی دووشەممە، 21ـی تەممووز، پەرلەمانی عێراق لەسەر هەردوو بابەت کۆدەبێتەوە، بابەتی یەکەم، هێرشە تیرۆریستییەکانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان. 

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بابەتی دووەم باس لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی مۆڵەکەی کوت دەکرێت، کە 61 کەس گیانیان لەدەستدا.

پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان؛ بڵاوکردەوە. 

لە ڕاگەیەنراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە "لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە."

فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق بۆ "تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکوومەت لەمبارەوە" دەکات، ئەمەش بە مەبەستی "بە‌‌هێزکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە پاراستنی وڵات و هاووڵاتییاندا." 

هاوکات فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کردووە "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمان، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات هەڵبگرێت و هەنگاوی جیددی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بنێت؛ هاوکات هێرشکارەکان ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە."

فراکسیۆنەکە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی" ناو دەبات و دووپاتی کردووەتەوە، هێرشەکان زیانێکی زۆر بە شادەماری ئابووریی عێراق دەگەیەنن. 

لەبارەی ئەوانەی کە لە پشت هێرشەکانیشەوەن، فراکسیۆنەکە باسی لەوە کردووە "زۆر بە ڕوونی دیارە، ئەو کەسانەی لە پشت هێرشەکانن، بە هیچ ڕەنگێک نیشتمانپەروەر نین، بەڵکوو کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا دەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانیان دەگەیەنن لەسەر حیسابی گەلی عێراق و یەکڕیزییەکەی."

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ڕۆژانە هێرشی درۆنی دەکرێنە سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێک هێناوە، بەڵام تا ئێستا لە بەرانبەر ئاراستەکردنی درۆنەکان، نەکەس دەستگیرکراوە و نەکەسیش سزا دراوە.