پێشبینی دەکرێت تا 2050 نیوەی دانیشتوانی جیهان تووشی نیشانەکانی هەستیاری ببن
پسپۆڕان پێشبینی دەکەن، تا ساڵی 2050 نیوەی دانیشتووانی جیهان تووشی نیشانەکانی هەستیاری (حەساسییەت) ببن.
هەستیاری (حەساسییەت) یەکێکە لەو چوار نەخۆشییانەی ناگوازرێنەوە. نادیجدا لوگینا، پسپۆری بواری پێست و هەستیاری، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "دەتوانین چارەسەری هەموو جۆرە هەستیارییەک بکەین، جگە لە هەستیاریی دەرمانەکان."
لەبارەی چارەسەریی هەستیاری، ئەو پزیکشە باسی لەوە کرد، ئێستا بە ئاسانی و لە ڕێگەی تاقیگە پزیشکییەکانەوە، هەموو جۆرە هەستیارییەک دەستنیشان دەکرێت. گوتیشی: "تەنیا لە ڕووسیا دەتوانین هەموو جۆرە هەستیارییەک دەستنیشان بکەین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە جگە لە هەستیاریی دەرمانەکان؛ بۆیە ئەگەر هەستت بە هەر گۆڕانکارییەکی پێست کرد، کۆکە، هەناسەدان بە سەختی، یان تەنگەنەفەسی، پێویستە دەستبەجێ ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت."
بە گوتەی نادیجدا لوگینا، زۆرجار منداڵان تووشی هەستیاریی خۆراک دەبن، چونکە کۆئەندامی هەرسیان وەکوو پێویست گەشەی نەکردووە، هەر بۆیەش، بڕێکی کەم لە ئەنزیمەکان دەردەدەن کە پێویستن بۆ هەرسکردنی خۆراک.