شەرع ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریای بە دەست گەیشت

سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا ڕایگەیاند: کە بەدواداچوون بۆ ئەنجامی ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەناراوەکانی سووریا دەکات، بۆ دڵنیابوون لەوەی هەنگاوی کردەیی دەنرێت بۆ پێشخستنی بنەماکانی دادپەروەری، لێپرسینەوە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان لە وڵاتەکەدا.
یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەی نیشتمانیی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان، لە بارەی ڕووداوەکانی مانگی ڕابردووی ناوچەی کەناراوەکانی سووریا، گەیشتە دەستی ئەحمەد شەرع.
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، جەختی لەوە کردەوە، بەدواداچوون بۆ ئەو ئەنجامانە دەکات کە لە ڕاپۆتی کۆتایی لیژنەکەدا هاتووە، بۆ مەبەستی دڵنیابوون لەوەی هەنگاوی کردەیی و جیددی دەگیرێتە بەر بۆ پێشخستنی بنەماکانی ڕاستی، دادپەروەری، لێپرسینەوە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر پێشێلکارییەک کە هەڕەشەی لە بنیاتنانی سووریایەکی نوێ دەکات.
سەرۆکایەتییەکە داوای لە لیژنەکە کردووە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ خستنەڕووی دەرئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکە ببەستێت، بە شێوەیەک کە شکۆی قوربانییان بپارێزت و ڕەچاوی بنەما دادوەرییەکانیش بکات.
پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد (عەلەوییەکان) ڕووی دا.
بە گوێرەی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان دوو هێزەکە، زیاتر لە هەزار و 700 کەس کوژران، کە زۆرینەیان عەلەوی بوون.