حەماس پێشنیازی ئاگربەستی دایە نێوەندگیرەکان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24 تەممووزی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلێگرام، ڕایگەیاند: پێشنیازی خۆی بۆ ئاگربەستی 60 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، داوەتە نێوەندگیرەکان، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو دانوستانە ناڕاستەوخۆیانەی لەنێوان هەردوولادایە بە نێوەندگیری قەتەر.
دوو لە سەرچاوەکانی ئاگادار لە گفتوگۆکانی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە، حەماس گۆڕانکاریی لە پێشنیازەکان کردووە و داوای گررەنتی ئاگربەستی هەمیشەیی لەگەڵ ئیسرائیل کردووە، هەر ئەو پێشنیازەش نێردراوە بۆ لایەنی ئیسرائیلی.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، پێشنیازەکەی حەماس پەیوەستە بە ڕێگەدان بۆ هاتنە ناوەوەی یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە، لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و وەستانی شەڕ بە یەکجاری، بەرپرسێکی فەڵەستینیش ئاشکرای دەکات، ئەم پێشنیازەی حەماس تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی دانیشتووان نشین و ڕێگەی سەڵاحەددین لەنێوان باکوور و باشووری کەرتی غەززە، بکشێنەوە، لەگەڵ کشانەوەی بە دووری 800 مەتر لە تەواوی ناوچەکانی سنوور لە باکووری کەرتی غەززە.
هاوکات حەماس داوای ئازادکردنی ئەو دیلانەی لە ئیسرائیل کردووە کە بڕیاری بەندکردنی هەمیشەییان بۆ دەرکراوە، لە بەرانبەر ئازادکردنی هەر بارمتەیەک.
سەرچاوەیەکی نزیک لە دانووستانەکان ئاشکرای کردووە، ئاگربەستی غەززە نزیک بووەتەوە و لە کاتەکانی کۆتاییدایە بۆ جێبەجێکردن، بە ئەگەری زانی ڕاژانی داهاتوو ڕێککەوتن بکرێت، دەڵێت: حەماس ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەو پێشنیازە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆی نێردراوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، نێردەی ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆڤ، بە سەردانێک دەگاتە ناوچەکە، بۆ ئەوەی شایدەحاڵی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بێت، لەگەڵ ئەو میکانیزمانە جێبەجێ دەکرێن، هاوکات ئەو یارمەتییە مرۆییانەی دەگاتە کەرتی غەززە.