شەڕ لە نێوان تایلەند و کەمبۆدیا هەڵگیرسا
پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، فڕۆکەیەکی جۆری ئێف 16ی سەر بە هێزی ئاسمانیی تایلەند، پێگەیەکی سەربازیی کەمبۆدیای بۆمباران کرد.
وەزارەتی بەرگریی کەمبۆدیا، لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند "فڕۆکەیەکی ئێف 16ـی تایلەندی پێگەیەکی سەربازی وڵاتەکەمانی بۆمباران کردووە، ئێمە دەستدرێژیی سەربازیی نەگونجاو و قبووڵنەکراوی تایلەند، بۆ سەر سەروەری و یەکێتیی خاکی وڵاتەکەمان، بە توندی سەرکۆنە دەکەین."
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دووبارە سەریان هەڵدایەوە پاش ئەوەی دوێنێ چوارشەممە، تایلەند باڵیۆزی خۆی لە کەمبۆدیا کشاندەوە و ڕایگەیاند کە نوێنەری کەمبۆدیا لە وڵاتەکەی دەردەکات.
تایلەند، کەمبۆدیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ناوچە جێناکۆکانی سەر سنووردا مینی چاندووە؛ هەفتەی ڕابردوو ئەو مینانە بە دوو سەربازی تایلەندیدا تەقیونەتەوە و لە ئەنجامدا بە سەختیی بریندار بوونە.
وەزارەتی دەرەوەی تایلەند لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، هێزەکانی کەمبۆدیا بە تۆپی قورس، سەربازگەیەکی تایلەندی و نەخۆشخانەیەکیان تۆپباران کردووە و لە ئەنجامدا چەند کەسێکی مەدەنی کوژراون و بریندار بوونە."
وەزارەتی دەرەوەی تایلەند، لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت: حکوومەتی تایلەند ئامادەیە لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشی چەکدارانەی کەمبۆدیا و دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەمان، بە توندی بەرگریی لە سەروەریی وڵاتەکەمان بکات.
لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی کەمبۆدیا، ڕایگەیاند "هێرشە ئاسمانییەکەی تایلەند بەبێ هیچ هۆیەک بووە و داوا دەکەین تایلەند کۆتایی بەو کردە سەربازییانە بهێنێت، چونکە هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی و گرفتی زیاتر لە نێوانماندا."
