کەنەدا، ئیدانەی شکستی حکوومەتی ئیسرائیلی کرد

ئەمڕۆ هەینی 25ـی تەممووزی 2025، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە ڕێگریکردن لە گەیشتن بەو هاوکاریانەی کە لەلایەن کەنەدا پارەیان بۆ دابین دەکرێت، بگاتە خەڵکی مەدەنی کەرتی غەززە.

 کارنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "کەنەدا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بە نیازپاکییەوە دانوستان لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ بکەن، ئێمەش داواکارییەکانمان دووپات دەکەینەوە کە حەماس دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکات و حکوومەتی ئیسرائیلیش ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی کەناری ڕۆژئاوا و غەززە بگرێت".

لای خۆیەوە ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و کۆتاییهێنان بە ئازار و برسێتی خەڵکی غەززە، دۆخەکەی بە "کارەساتێکی مرۆیی" وەسفکرد. 

ئەلبانیز لە بەیاننامەکەدا گوتی: ڕێگریکردن لە هاوکارییەکانی ئیسرائیل و کوشتنی خەڵکی مەدەنی بە منداڵانیشەوە کە بەدوای ئاو و خۆراکدا دەگەڕێن، ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت یان بەرگری لێبکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment