وەزیری کشتوکاڵ: هیوادارین بتوانین بەزووترین کات هێلکە و مریشک هەناردەی عێراق بکەینەوە
وەزیری کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی پێنج ساڵە هێلکە هاوردەی هەرێمی کوردستان نەکراوە و هیوادارن بە زووترین کات هێلکە و مریشک هەناردەی پارێزگاکانی عێراق بکەنەوە.
شەممە، 26ـی تەمموزی 2025، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەرهەمهێنانی هێلکە و مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان و هەناردەکردنیان بۆ پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق؛ لێدوانی بۆ ماڵپەری کوردستان24 دا.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتی: نزیکەی پێنج ساڵە هێلکەمان هاوردەی هەرێمی کوردستان نەکردووە؛ بەرهەمهێنانی هێلکە و مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانمان، لە ئاستی ناوخۆ زیاترە. گوتیشی "هیوادارین بتوانین بەزووترین کات هەناردەی پارێزگاکانی خوارووی عێراق بکەینەوە کە چەند مانگێکە هەناردەکریان ڕاگیراوە و بەربەستیان بۆ دروست کراوە."
وەزیری کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ڕەتیکردەوە هیچ نەخۆشییەک لەنێو کێڵگە پەلەوەرییەکان بڵاوبووبێتەوە و گوتی "بەردەوام لە ڕێگەی لیژنەکانی قائیمقامییەت، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوون و پشکنین بۆ بەرهەمە خۆراکی و شیرەمەنی و پەلەوەرییەکان دەکرێت."
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمییان بە کوردستان 24 ڕاگەیاندبوو، پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڵام کێڵگە پەلەوەرییەکان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت بەرهەم دەهێنن کە لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە.
نازم عەبدوڵڵا پێی وایە، زۆری بەرهەمی مریشک وایکردووە، نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەرزان بێت و خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش زیانی ماددیان بەربکەوێت؛ بۆیە ئەگەر هەناردەی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، هەم نرخەکەی بەرز دەبێتەوە و هەمیش حکوومەتیش سوودمەند دەبێت.
لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن:
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە