منداڵانی مەغریب داوای مافی پەنابەری لە ئیسپانیا دەکەن

پۆلیسی دەریایی ئیسپانیا فریای پەنابەران دەکەوێت
پۆلیسی دەریایی ئیسپانیا فریای پەنابەران دەکەوێت

بە مەبەستی بوونە پەنابەر، 54 منداڵ و نزیکەی 30 گەنج، لە مەغریبەوە، لە کەشێکی نالەبار و تەمومژاوی و دەریای بە شەپۆلاندا، بە مەلە بەرەو ناوچەی سێبتەی ئیسپانیا ڕۆیشتوون.

شەممە، 26ـی تەممووزی 2025، کەناڵی RTVE ئیسپانی بڵاوی کردەوە، ژمارەیەکی زۆر منداڵ و گەنج، هەوڵیان داوە بە مەلە، لە کەشێکی نالەبار و تەمومژدا خۆیان بگەیەننە سێبتە، پۆلیسی سنووری دەریایی فریایان کەوتوون.

منداڵەکان، کە زۆربەیان مەغریبی بوون، گوێزراونەتەوە بۆ ناوەندە کاتییەکانی پێشوازیی لە سێبتە، بەرپرسانی خۆجێی داوای یارمەتییان لە حکوومەتی ناوەندی کردووە بۆ هاوکاریی ئەو کۆچبەرە تازە گەیشتووانە.

خوان ڕیڤاس، لە حکوومەتی خۆجێی هەرێمی سێبتە، بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "بە تەنیا جێمان مەهێڵن، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و دەبێت دەوڵەتی ناوەندی چارەی بکات."

پۆلیسی سێبتە ڕایگەیاند "ئەمە یەکەمجار نییە، کۆچبەران هەوڵ دەدەن لە دەریاوە خۆیان بگەیەننە سێبتە.. لە 26ی ئابی ساڵی ڕابردوودا، سەدان کۆچبەر لە کەشێکی تەمومژاوی چڕدا، بە مەلە لە مەغریبەوە خۆیان گەیاندە سێبتە."

سێبتە و مێلیلا، دوو ناوچەی سەر بە ئیسپانیان لەسەر خاکی مەغریب و تاکە سنووری وشکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەفریقادا پێک دەهێنن. لەبەر ئەوەی سنووری وشکانیی نێوان مەغریب و ئەو دوو ناوچەیە زۆر بە توندی پاسەوانیی دەکرێن، پەنابەران، هەوڵ دەدەن بە مەلە، لە دەریاوە خۆیان بگەیەننە ئەوێ.

هاووڵاتیانی مەغریبی کە لە کاتی پەڕینەوەیاندا دەستگیر دەکرێن و دەستبەجێ دەنێردرێنەوە بۆ مەغریب، جگە لەوانەی تەمەنیان خوار 18 ساڵە، یان ئەوانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن.

3 ساڵ لەمەوبەر، لانیکەم 23 کەس لە پێکدادانێکدا لەگەڵ پۆلیس، مردن، کاتێک نزیکەی 2,000 کۆچبەر هەوڵیان دا لە ڕێگەی وشکانییەوە خۆیان بگەیەننە مێلیلا و پەرژینە سنوورییەکە بشکێنن.

 
Fly Erbil Advertisment