وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دەکات

وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە زانکۆکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە. هاوکات داواکارە بەرپرسانی دەرکردنی ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێنەوە.
شەممە 26ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی هەر هەوڵێکی دژ و نەیار بە زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە ناوەندەکانی خوێندن و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا کرد.
وەزارەتی ڕۆشنبیری، ڕایگەیاند: بە داخەوە، بە بڕیاری ژمارە (6496)ـی ڕۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، کە ئاراستەی زانکۆکانی مووسڵ، کەرکووک و دیالەی کردووە، کە فەرمانی کردووە، پرسیاری تاقیکردنەوەکان نەکرێنە کوردی.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ماددەی (4) بڕگەی یەکەمی دەستووری عێراق، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی فەرمییە لە دەوڵەتدا.
جەختی لەوەش کردەوە، بڕیارەکە پێچەوانەی ماددەکان و ناوەڕۆکی یاسای ژمارە (7)ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە زمانە فەرمییەکانی عێراقە، کە لە ژمارە (4311)، ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق لە شوباتی 2014 بڵاو کراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا زۆر بە ڕوونی هاتووە، زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا.
وێرای سەرکۆنەکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان، داواکارە لە دامەزراوە دەستوورییەکانی فیدراڵ، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، سەرکۆنەی هەر جۆرە بڕیارێکی نادەستووری لەو شێوەیە بکەن و بەرپرسانی دەرکردنی ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکەنەوە.