کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا: هەماهەنگیی کشتوکاڵیمان لەگەڵ کوردستان بەرهەمهێنانی پەتاتەی زیاتر کردووە

ئادریان ئایسێلستاین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر
ئادریان ئایسێلستاین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر

یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، ئادریان ئایسێلستاین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر، لە سەردانێکیدا بۆ سەنتەرێکی بازرگانی لە هەولێر، ستایشی فراوانبوونی هاوکاریی کشتوکاڵی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستانی کرد، کە تێیدا پەردە لەسەر جۆرێکی نوێی پەتاتەی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی لادرا.

ئایسێلستاین لە لێدوانێکیدا بۆ ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24، تیشکی خستە سەر ئەو هەنگاوە گرنگانەی لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لە هاوکاریی کشتوکاڵیدا بەدیکراون، بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنانی پەتاتەدا. 

کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا گوتی: "پێموایە ئەم جۆرە پەتاتە نوێیە کە لێرە ناسێنراون نموونەیەکی باشە بۆ هاوکاریی بەهێزی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵدا". ئاماژەی بەوەش دا "ئەم هاوکارییە زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوامە و ئەنجامێکی بەهێزمان بینیوە. پێشتر ساڵانە نزیکەی دوو هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرا، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ زیاتر  600 هەزار تۆن لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە."

بە گوتەی کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا "جۆری پەتاتەی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی، کە ئێستا لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت، دەرئەنجامێکی بەرجەستەی ئەم هاوکارییەیە." ئاماژەی بەوەش کرد، توانای گەشەسەندنی ناوچەکە بۆ بەڕێوەبردنی خولی تەواوی بەرهەمی کشتوکاڵی نیشان دەدات.

ئایسێلستاین ڕوونیشیکردەوە: "ئەم پڕۆژەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت، نەک تەنها لە دامەزراندندا، بەڵکوو لە ئاسایشی خۆراک و توانای هەناردەکردنیش بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دیکەش".

کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا هەروەها گەشبینی خۆی بە ئاییندەی پەیوەندییە کشتوکاڵییەکانی هۆڵەندا و کورد دەربڕی و ئاماژەی بە دەرفەتەکانی دیکەی بوارەکانی دیکەی وەک بەرهەمهێنانی سەوزە و شیرەمەنی کرد.

کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا گوتیشی "هەنگاوی گەورە هەیە کە هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق بە پاڵپشتی و هاوکاری هۆڵەندا دەتوانن بیگرنەبەر." باسی لەوەش کرد، هاوبەشییەکە سوودی بۆ هەردوولا هەیە، دەستڕاگەیشتن بە بازاڕێکی گەشەسەندوو پێشکەش بە کۆمپانیا هۆڵەندییەکان دەکات و لە هەمان کاتدا ڕێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات سوود لە شارەزایی کشتوکاڵی هۆڵەندی وەربگرێت.

ئایسێلستاین جەختی لەوە کردەوە، لەم ئەزموونە هەردوولا براوەن و سوود لە یەکتر دەبینن و گوتی: "ئێمە زۆر دڵخۆشین بە بەردەوامبوون لەم هەماهەنگییە."

هۆڵەندا لە ئاستی جیهانیدا بە کەرتی کشتوکاڵی پێشکەوتووی خۆیەوە ناسراوە و بەردەوامە لە بینینی ڕۆڵی سەرەکی لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە سەرانسەری عێراقدا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە توانای ئەوەیان هەیە ببنە ناوەندێکی گەورەی کشتوکاڵی وەک هەرێمی کوردستان.