سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: سەرەتای مانگی داهاتوو کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەست بە کارەکانی دەکات

نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (وێنە: AA)
نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (وێنە: AA)

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، سەرەتای مانگی داهاتوو کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان کە تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی دەست بە کارەکانی دەکات و داواش لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات، پشتیوانیی پرۆسەکە بکەن. 

یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە میانی بەشداریکردن لە ڕێورەسمێکدا لە چاناککالەی تورکیا، ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی دەهاتوو کۆمیسیۆنی پەرلەمان کە بڕیارە بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکبهێنرێت؛ دەست بە کارەکانی دەکات. 

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختیشی کردەوە، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەبێتە بنەمای بەهێزکردنی دیموکراسیی تورکیا؛ بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز گفتوگۆ دەکرێن و بڕیارەکان لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەدرێن.

کورتوڵمووش دووپاتیشی کردەوە، پرۆسەی نوێی ئاشتی بە پێویستی بە کاتێکی زۆر نییە، بەڵکوو پێویستی بە ڕێبازێکی ئەرێنی و ئیرادەیەکی جیددی هەیە.  هاوکات داوای لە خەڵکی تورکیا کرد کە بەهێزەوە پشتیوانی لە قۆناغەکە بکەن.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوەش کرد، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە و بەمزووانە خۆی هەڵوەدەشێنێتەوە، ئینجا لە قۆناغی داهاتوودا کەشێک دروست دەکەن کە "هەرگیز توندوتیژی لەسەر ئەم خاکە سەرهەڵنەداوەتەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژی هەینییەوە، 25ـی تەممووزی 2025، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کردووە ناوی ئەندامانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکێش بکەن کە بڕیارە لە 51 ئەندام پێکبێت. 

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، ژمارەی ئەندامی لایەنە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنەکەدا بەم شێوەیە دەببێت: ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە چوار ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێش سێ ئەندام؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.

پێشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو (11ـی تەممووزی 2025) گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.  

چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت. 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.  پەکەکەش لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.