حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە و پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکات

کۆبوونەوەیەکی پێشووی حکوومەتی تورکیا (وێنە: ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی پێشووی حکوومەتی تورکیا (وێنە: ئەرشیف)

کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان کۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەکیش، پرۆسەی نوێی ئاشتییە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. 

بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی و پێشهاتەکانی دوای چەکداماڵینی ژمارەیەک ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه)ـەیە‌ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان زانیاری له‌باره‌ی پڕۆسه‌كه‌ ده‌ده‌نه‌ حكوومه‌ت.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، کاریگەریی دۆخی سووریا لەسەر پرۆسەی ئاشتی کارنامەیەکی گرنگی کۆبوونەوەکەیە. هەروەها نەخشەڕێگەی پرۆسەکە هەڵدەسەنگێندرێت و ئەرکەکانی بەردەم کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بە وردی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانە لە تورکیا و باکووری کوردستان و هەروەها دۆخی غەززەش لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدایە.

دوێنێ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی دەهاتوو کۆمیسیۆنی پەرلەمان کە بڕیارە بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکبهێنرێت؛ دەست بە کارەکانی دەکات. 

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختیشی کردەوە، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەبێتە بنەمای بەهێزکردنی دیموکراسیی تورکیا؛ بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز گفتوگۆ دەکرێن و بڕیارەکان لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەدرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژی هەینییەوە، 25ـی تەممووزی 2025، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کردووە ناوی ئەندامانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکێش بکەن کە بڕیارە لە 51 ئەندام پێکبێت. 

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، ژمارەی ئەندامی لایەنە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنەکەدا بەم شێوەیە دەببێت: ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە چوار ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێش سێ ئەندام؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.

پێشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو (11ـی تەممووزی 2025) گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.  

چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت. 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.  پەکەکەش لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.