ئێران.. چوونی کۆچبەرانی بیانی بۆ چەند پارێزگایەک قەدەغە دەکات

کۆچبەرانی بیانی لە چاوەڕوانی گەڕاندنەوەیاندا
کۆچبەرانی بیانی لە چاوەڕوانی گەڕاندنەوەیاندا

سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری هاووڵاتیان و کۆچبەرانی بیانیی پارێزگای تاران گوتی: هاووڵاتیانی بیانیی خاوەن مۆڵەت بۆیان نییە هاتوچۆی ئەو پارێزگایانە بکەن کە لێیان قەدەغە کراوە، فرۆشتنی بلیت یان گواستنەوەیان بۆ ئەو شوێنانە، لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساییە و دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و ئاستەنگ بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوە.

وەحید گولیکانی، سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری هاووڵاتیان و کوچبەرانی بیانی، ڕایگەیاند "گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی بیانیی بێمۆڵەت، پێویستی بە هەماهەنگیی هەمەلایەنەی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکان هەیە، هاوکاریی کەرتی تایبەت، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی پاس، لەم پرۆسەیەدا جێگەی پێزانینە، بەڵام دەبێت بە ڕاشکاوی ڕایبگەیەنین کە هاووڵاتیانی بیانیی بێمۆڵەت تەنها دەبێت لە ڕێگەی ئۆردوگای چاودێریی پارێزگای تارانەوە بەپێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان بگەڕێنرێنەوە."

گولیکانی، گوتی: پرۆسەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی بیانیی بێمۆڵەت، بە چاودێریی دادوەریی بە درێژایی ڕێگەی گەڕاندنەوەیان دەبێت و زانیارییەکانی ئەم کەسانە، لە سیستەمە پەیوەندیدارەکاندا بۆ هەنگاوەکانی دواتر تۆمار دەکرێن. دەرچوونی هاووڵاتیانی بیانی بێموڵەت بەبێ پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و لە ڕێگەی تێرمیناڵەکانەوە، یەکێکە لە کێشە و ئاستەنگە جددییەکانی ئەم بوارە، کە پێویستی بە بەڕێوەبردن، چاودێری و هەماهەنگیی هەمەلایەنەی نێوان دەزگا جێبەجێکارەکان هەیە.

سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری هاووڵاتیان و کۆچبەرانی بیانیی پارێزگای تاران، هەروەها گوتی: ئەو هاووڵاتیانەی کە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و خۆناساندن دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، پێویستە بۆ ئەنجامدانی قۆناغە یاساییەکان و تۆمارکردنی زانیاری، تەنیا سەردانی ناوەندی گەڕانەوە بکەن. هەر هەنگاوێکی دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کاروبارەکانیاندا.

گولیکانی، دەربارەی هاووڵاتیانی بیانی خاوەن مۆڵەتی نیشتەجێبوونی یاسایی، گوتی: ئەو هاووڵاتییە بیانییە خاوەن مۆڵەتانە، بۆیان نییە هاتوچۆی ئەو پارێزگایانە بکەن کە لێیان قەدەغە کراوە، فرۆشتنی بلیت یان گواستنەوەیان بۆ ئەو شوێنانە، لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساییە و دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوە.

لە کۆتاییدا، گولیکانی جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی یەکلاکەرەوە، یاسایی و یەکگرتوویی پرۆسەی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی بیانیی بێمۆڵەت، بەپێی سیاسەتە ڕاگەیەندراوەکانی ناوەندی کاروباری هاووڵاتیان و کۆچبەرانی بیانیی وەزارەتی ناوخۆ  و گوتی: گەڕاندنەوەی ئەم هاووڵاتیانە دەبێت تەنیا لە ڕێڕەوی یاسایی و لە ڕێگەی ئۆردوگای چاودێریی پارێزگای تارانەوە بکرێت و ڕێگری لە هەر جۆرە هەنگاوێکی سەرەڕۆیانە یان بێ هەماهەنگی بکرێت.

بە گوێرەی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری هاووڵاتیان و کۆچبەرانی بیانی، پارێزگاکانی تەورێز، ورمێ، ئەردەبیل، زەنجان، سنە، کرماشان، ئیلام، لوڕستان، چوارمحاڵ بەختیاری، کوهکلویە و بوێرئەحمەد، مەشهەد، گەیلان، مازندەران، سیستان و بەلوچستان، هورمزگان و هەمەدان، بە ڕووی هاووڵاتیان و کۆچبەرانی بیانیی خاوەن مۆڵەتدا قەدەغەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment