سبەی ڕێژەی هەژاریی لە عێراق بڵاو دەکرێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە، بە هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی ڕاپۆرتی ڕێژەی هەژاری لە عێراق بڵاودەکاتەوە.
عەبدولزەهرا هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە هاوکاری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و تیمی گەشەپێدانی مرۆیی ئۆکسفۆردەوە ئەنجامی ڕاپۆرتی ڕێژەی هەژاری لە عێراق بڵاودەکاتەوە."
هینداوی ئاماژەی بەوەش کرد، "سبەی چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، کاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانی، لە بارەگای وەزارەتی پلاندانان، بە ئامادەبوونی محەمەد تەمیم جێگری سەرۆک وەزیران و بریکارانی وەزارەتەکان و سەرۆکی زانکۆکان و ژمارەیەک باڵیۆز و نوێنەری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێت".
مانگی ڕابردوو وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاندبووە، ڕێژەی هەژاری لە عێراق لە ساڵی 2022، 22% بووە، بەڵام لەساڵی 2024، ڕێژەکە دابەزیووە بۆ 17.5%.
لە 20 و 21 مانگی تشرینی یەکەمی 2024، سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لەعێراق بەبەشداریی 130 هەزار بژمێر بەسێ قۆناغ بەڕێوەچوو، بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکانیش ژمارەی دانیشتوانی عێراق نزیکەی 45 ملیۆن کەس بوو، کە دابەشبوون بەسەر حەوت ملیۆن و 898 هەزار خێزاندا.
ڕۆژى 30ی تشرینی دووەمی 2024، قۆناغی سێیەم و کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لەهەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێ کرد، کە بەقۆناغی 77 پرسیارەکە ناسرابوو.
دووشەممە، 24-02-2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ڕاگەیاند کە مانگی 11ـی ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو.
بە گوێرەی ئەنجامەکان، کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان، 46 ملیۆن و 118 هەزار کەسە و لەو ژمارەیە سەدا 70.17ـیان دانیشتووی شارەکانن و لە بەرانبەردا سەدا 29.83ـیان دانیشتووی گوندەکانن.
هەر بەپێی ئەنجامەکان، کۆمەڵگەی عێراقی، کۆمەڵگەیەکی گەنجە، بەوپێیەی سەدا 60.44ـی دانیشتووان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە. ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق دەری دەخەن، سەدا 51.04ـی دانیشتووانی عێراق خێزاندارن و سەدا 46ـیشیان زگورتن.