پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕووپێوی پلاندانانی عێراق لەبارەی ڕێژەی هەژاری ڕەتدەکاتەوە

وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕووپێوی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی لەبارەی ڕێژەی هەژاری ڕەتکردەوە. 

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا، ڕاپۆرتی هەژاریی فرەڕەهەند (MPI) ڕاگەیاند کە بەهاوکاریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) ئامادەکرابوو.

وەزیری پلاندانانی عێراق، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ڕایگەیاندبوو "ڕێژەی هەژاری لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کەمی کردووە. بە گوێرەی ئامارەکانمان لە ساڵی 2018 بۆ 2024، ڕێژەکە لە 11.4%ـەوە بۆ 10.8% دابەزیوە" بەڵام وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە "بە گوێرەی دوایین ڕووپێوی ڕێژەکە لە عێراق 19.3% و لە هەرێمی کوردستانیش 8.6%ـە."

 لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "ئەم ڕاپۆرتە بێ ئاگاداری وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە کە دەبووایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم ڕاپۆرتەو وردە کارییەکانی بکرایە  تاکو ڕاو بۆچوونی حکوومەتی هەرێم تیایدا جێگیر بکرابا. هەروەها پێویست بوو، دوا ڕەشنووس بە دەستمان بگات تاکوو پێشوەخت ئەنجامەکانی پەسەند بکەین و ئامادە بین لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی و دواتر سوود لە ئەنجامەکانی وەربگرین."