مەسرور بارزانی و ئیدوارد ئاڵگرن جەختیان لە کۆتاییهێنان بە هێرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردەوە
ئهمڕۆ چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى لە شاندێکی سەربازيی بەریتانی بە سەرۆکایەتيی ئیدوارد ئاڵگرن، ڕاوێژكارى باڵای بهرگريى بهريتانى بۆ کاروباری ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكوورى ئەفریقا کرد.
لە کۆبوونەوەدا کە ئەندرو بیزلی، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی هەماهەنگی و هاریکاريی ئەمنی و سەربازی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و بەردەوامبوون و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیری و هاریکاریی شانشینی یەکگرتوو دەربڕی.
هەروەها جەخت لە پێویستیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و ڕێگریکردن و کۆتاییهێنان بە هێرشی تیرۆریستی و تێکدەرانەی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرایەوە.
دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
