ئیسرائیل: هاوکاریی زیاتر بگەیەننە غەززە

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، داوا دەکات هاوکاریی زیاتر بۆ کەرتی غەززە بنێردرێت.

چوارشەممە، 30ـی تەممووز، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە "ئێکس" بڵاوی کردەوە "حەماس خۆراکی غەززەییەکان دەدزێت؛ بەڵام ئیسرائیل فریای خەڵکەکە کەوت.. لە ئاسمانەوە هاوکاریمان گەیاندە دانیشتووانی سڤیلی غەززە و داوامان لە وڵاتانی دیکە کرد لەو هەڵمەتەدا بەشداریمان بکەن."

نووسینگەکە هەروا نووسیویەتی "چەند وڵاتێک بە کردەیی بەشدار بوون، ئێمە ئاسمان و سەلامەتیی خستنەخوارەوەی هاوکارییەکانمان دابین کرد و  لە گەیشتنی خۆراک بۆ خەڵکی غەززە دڵنیا بووین. ئێمە بەخێرهاتنی هەر دەوڵەتێک دەکەین کە بیەوێت بەشداریی لەو هەڵمەتەدا بکات."

لە ڕۆژی 2ـی ئایاری ڕابردووەوە، پاش سەرنەکەوتنی دانوستانەکان بە مەبەستی درێژکردنەوەی ئاگربەست، ئیسرائیل ڕێگەی لە گەیشتنی هەر جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە، گرت. لە کۆتایی هەمان مانگدا، تەلئەڤیڤ ڕێگەی دا بە ڕادەیەکی کەم هاوکاریی بگەیەنرێتە کەرتەکە.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئیسرائیل ڕایگەیاند "ڕۆژانە چەند جارێک، کردە سەربازییەکانی لە هەندێک ناوچەکانی غەززە ڕادەگرێت و ڕێگەیەکی سەلامەتی بۆ ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان کردووەتەوە بۆ گەیاندن و دابەشکردنی خۆراک بە زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستینی لە غەززە."

Fly Erbil Advertisment