ئێران: ئەورووپییەکان هیچ شتێکیان نییە لە دانوستانەکاندا پێشکەشی بکەن

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هەرچەندە ئێمە هیچ کاتێک ترسمان لە دانوستان نەبووە، بەڵام پێمانوایە ئەوروپییەکان هیچ شتێکیان نییە لە دانوستانەکاندا پێشکەشی بکەن.

پێنجشەممە، 31ـی تەممووز، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیلنا، سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ چارەنووسی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەورووپا و ئەو مەرجانەی کە لەلایەن ئەم وڵاتانەوە بۆ دواخستنی چالاککردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، دانراون، ڕایگەیاند "ئەوروپییەکان لەو پێگەیەدا نین کە مەرج بۆ ئێران دابنێن. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە ئەوروپییەکان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا نیشانیان داوە ئەوان لە پەراوێزدا بوون و تەنیا لە سێبەری ئەمەریکییەکاندا هەڵۆێستی خۆیان دادەڕێژن."

عەزیزی هەروا گوتی:"ئەورووپییەکان، وێڕای ئەوەی لە لایەن ئەمریکییەکانەوە پەراوێز خراون، نەیانتوانیوە  پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بن و بەتایبەتیش لە بابەتی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە. بە واتایەکی تر، بە کردەوە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هیچ سوودێکیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبووە و ڕۆڵێکی ئەرێییان نەگێڕاوە."

ئەوروپییەکان هیچ شتێکیان نییە لە دانوستانەکاندا پێشکەشی بکەن

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەورووپییەکان لەم ماوەیەدا ڕۆڵی نەرێیی زۆریان لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئێرانەوە هەبووە، چ لە بابەتی دانوستانەکان و چ لە هاوڕێیەتییان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.

عەزیزی گوتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرچەندە هیچ کاتێک ترسی لە دانوستان نەبووە، بەڵام پێمان وایە ئەوروپییەکان هیچ شتێکیان نییە لە دانوستانەکاندا پێشکەشی بکەن. پێویستە ئەوان سەرەتا هەڵوێستی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا و دواتریش لەگەڵ نیازەکانی خۆیاندا ڕوون بکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوە پێویستە یاسای هەڵپەساردنی هاریکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە تەواوی جێبەجێ بکات

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە ئەگەری سەردانی جێگری سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران و شێوازی جێبەجێکردنی یاسای هەڵپەساردنی هاریکاری لەگەڵ ئاژانس، جەختی کردەوە "وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرپرسیاری جێبەجێکردنی تەواوەتی یاسای هەڵپەساردنی هاریکارییە لەگەڵ ئاژانس. هەرچەندە ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێمەش ئەرکێکی گرنگی هەیە، بەڵام چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە وەزارەتی دەرەوە ئەم یاسایە بە جددی و بە شێوەیەکی گشتگیر جێبەجێ بکات. هەڵبەتە بەو مەرجانەی کە پەرلەمان لە یاساکەدا دەستنیشانی کردوون، بە دڵنیاییەوە وەزارەتی دەرەوە دەتوانێت بەپێی ئەرکە دیاریکراوەکانی ناو هەمان یاسا کار بکات."

 

 
 
Fly Erbil Advertisment