جۆزێف عۆن: ئیسرائیل ڕێگری لە گەڕانەوەی دانیشتووانی گوندە وێرانکراوەکان دەکات

سەرۆک کۆماری لوبنان: بۆ پاڵپشتی سوپای لوبنان پێویستمان بە 10 ملیار دۆلارە

جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، ڕایگەیاند، لوبنان بۆ ماوەی 10 ساڵ، هەموو ساڵێک پێویستی بە یەک ملیار دۆلار هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی سوپا، جەختیشی کردەوە، پێویستە چەک لە دەستی سوپا و هێزە ئەمنییەکاندا بێت بۆ ئەوەی متمانەی جیهان بەدەستبهێنێتەوە.

پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "لوبنان بێزاربووە لە شەڕی لایەنەکانی دیکە لەسەر خاکی وڵاتەکەی"، دەشڵێت: "تەنیا سوپای لوبنان توانای پاراستنی وڵاتەکەی هەیە."

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکایەتی کۆمار سوورە لەسەر سەپاندنی دەسەڵات بەسەر هەموو لوبناندا و لێسەندنەوەی چەک لە سەرجەم هێزە چەکدارەکان بە حزبوڵڵاشەوە، هەروەها داواشی لەهەموو لایەنە سیاسییەکان کرد هاوکارییان لەو بابەتە.

سەرۆک کۆماری لوبنان ڕوونی کردەوە کە "دڵسۆزی هاووڵاتیان دەبێت بە تەنیا بۆ دەوڵەت بێت و هەمووان دەبێت لە پشت سوپاوە بوەستن."

لێدوانەکانی جۆزێف عۆن لە وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی حزبوڵڵای لوبنانی هات کە ڕایانگەیاندبوو "ئەوانەی داوای چەکدانانیان لێ دەکەن خزمەت بە پڕۆژەی ئیسرائیل دەکەن."

سەبارەت بە دۆخی باشووری لوبنان، عۆن گوتی: "سوپا سەرکەوتوو بووە لە سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا، هەروەها ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە ڕێگری لە گەڕانەوەی دانیشتووانی گوندە وێرانکراوەکان و هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە دەکات".

 ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە داوای وەستاندنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیلمان کردووە لەڕێگەی ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە، دەبێت کۆتایی بە تیرۆر بهێنرێت."

 

 
 
Fly Erbil Advertisment