عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز دەکاتەوە

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

ڕاوێژکاری دارایی وئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت: عێراق لە مانگی ئاب دەست دەکات بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و تاوەکوو کۆتایی ساڵ نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازارەکانی جیهان دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی وئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە دوای ساڵی 2023، عێراق بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت لە جیهاندا، گرێبەستی لەگەڵ ئۆپیک پلەس واژوو کرد، کە بەشێوەیەکی خۆبەخش، 230 هەزار بەرمیل نەوت کەمتر بەرهەم بهێنێت؛ لە مانگی ئاب ئەو گرێبەستە کۆتایی پێدێت و وەکوو پێشتر، دەست دەکات بە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

ڕاوێژکارەکەی سوودانی ئاماژەی بەوەش دا "مانگی حوزەیرانی ڕابردوو (ئۆپێک پلەس) بڕیاری دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بکاتەوە، بەڵام حکوومەتی عێراق بەهۆی ئەو گرێبەستەیەی، ساڵی 2023 واژووی کردبوو، نەیدەتوانی ڕاستەوخۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات؛ ئێستا کە مانگی ئاب ئەو گرێبەستە کۆتایی دێت، عێراق دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات و ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکات."

بە گوتەی مەزهەر محەممەد ساڵح "تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق، بۆ نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرز دەبێتەوە  و هەناردەی بازارەکانی جیهانی دەکەین؛ بەمەش  لێکەوتەکانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئابووریی عێراق کەمدەکاتەوە و مەترسییەکان دەرەوێنێتەوە."

هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کە نزیکەی نیوەی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنێت، لە ساڵی 2022ـەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت سەقامگیر بکات؛ بەڵام ئەمساڵ سیاسەتەکەی پێچەوانە کردووەتەوە و قۆناخ بە قۆناخ بەردەوامە لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوایکردبوو، ئۆپێک پڵەس نەوتی زیاتر بخاتە بازاڕەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.