برایەکی ئۆجەلان: ئۆجەلان زۆر جیددیە لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی

دیمەنێک لە ڕێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە لە سنووری سلێمانی
دیمەنێک لە ڕێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە لە سنووری سلێمانی

برایەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، براکەی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دەکات و زۆر جیددیە لە سەرخستنی پرۆسەکە. 

محەممەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لەبارەی ناوەڕۆکی دوایین سەردانی بۆ لای براکەی لە دوورگەی ئیمراڵی؛ قسەی بۆ میدیای نزیک لە حکوومەتی تورکیا کرد. 

بە گوتەی محەممەد، دوایین جار کە چووەتە لای براکەی، ئۆجەلان باسی لەوە کردووە، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت دەکات و زۆر هیوای بە پرۆسەکە هەیە. دووپاتیشی کردووەتەوە " نابێت دەسەڵات کات بەفیڕۆ بدات لەو هەنگاوانەی کە پێویستە بیگرێتەبەر بۆ هێنانەدی ئاشتی."

ناوبراو باسی لەوەش کرد " ئۆجەلان زۆر جدییە لە کۆتاییهێنان بە گرژی و رووبەرووبوونەوەکان و هیچ پاشەکشەکردنێک لە قۆناغی چەکدانان ڕوونادات. ئەو ئامانجیەتی پێکەوە ژیان بنیات بنێت."

ئەمە لە کاتێكدایە، کاتژمێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، دوا وادەیە بۆ پارتە سیاسییەکانی تورکیا تا ناوی ئەندامانی خۆیان پێشکەش بەو کۆمیسیۆنە بکەن کە بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دابمەزرێنرێت.

تاوەکوو ئێستا تەنیا پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ناوی ئەندامانی خۆیان پێشکەشی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا کردووە؛ بەڵام  چاوەڕێ دەکرێت، هەر ئەمڕۆ، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتە سیاسییەکانی دیکەش، ناوی ئەندامەکانیان پێشکەش بکەن.

پێشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو (11ـی تەممووزی 2025) گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.  

چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت. 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.  پەکەکەش لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

 
 
Fly Erbil Advertisment