ئیتاڵیا لە ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییان: پەیوەندیی بەهێزی خۆمان لەگەڵ گەلی کورد پشتڕاست دەکەینەوە

ئاڵای ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان
ئاڵای ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان

کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر، لە ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییان جەخت لە پەیوەندیی بەهێزی وڵاتەکەی لەگەڵ گەلی کورد دەکاتەوە. 

پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، تۆمماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی بە بۆنەی 42ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییان بڵاوکردەوە. 

لە پەیامەکەی کونسوڵی ئیتاڵیادا هاتووە "ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر جینۆسایدی بارزانییەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا تێدەپەڕێت. زیاتر لە هەشت هەزار پیاو و کوڕ، "بێ تاوان" چونکە سەر بە هۆزی بارزانی بوون، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە کوژران."

سانسۆنی جەختی کردووەتەوە "ئیتاڵیا لەم بۆنە دڵتەزێنەدا نزیکیی و پەیوەندیی بەهێزی خۆی لەگەڵ گەلی کورد پشتڕاست دەکاتەوە."

 

 

ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت، پرۆسەی ئەنفالکردنی کورد لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوودا بە ئەنفالکردنی بارزانییەکان دەستیپێکرد و رژێمی پێشووی عێراق، بە چەند قۆناخێک ئەنجامی دا، سەرەتا بەشێک لە بارزانییەکانی لە زێدی خۆیانەوە بۆ ناوچەکانی دیکە ڕاگواست و دواتر لە چەند کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێ لەژێر ئەمنییەتی تونددا نیشتەجێی کردن.