کۆشکی سپی: ویتکۆف سبەی سەردانی غەززە دەکات
بریار وایە سبەی هەینی، ستیف ویتکۆف سەردانی غەززە بکات، ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسێکی ئیسرائیل ئاماژە بە ئەگەری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە کەرتی غەززە کرد.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، کارۆلاین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا سبەی هەینی سەردانی کەرتی غەززە دەکات و سەردانی بنکەی هاریکاری مرۆیی دەکات لە غەززە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی: بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە لەوەی برسییەتی لە غەززە ڕوونادات و کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیل ئەنجامداوە سەبارەت بە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ غەززە.
کارۆلاین لیڤت ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕەزامەندیدا، وردەکاری زیاتر لەبارەی پلانی دابەشکردنی خۆراک و یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە دەخەینەڕوو.
هەروەها ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرونۆتی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بڕیارە ویتکۆف، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە.
ڕۆژنامەکە هەروا ڕایگەیاندووە، ویتکۆف پێشتر لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئیسرائیلدا سەبارەت بە بارودۆخی غەززە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، گفتوگۆ دەکات.
سەردانەکەی ویتکۆف، لە کاتێکدایە فشاری نێودەوڵەتی بۆ سەر ئیسرائیل سەبارەت بە بارودۆخی خراپی خەڵکی غەززە و ڕاوەستانی دانوستانەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگر بەست، زیادی کردووە.