ویتکۆف گەیشتە ناوەندیی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە ڕەفەح

ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی گەیشتە ناوەندیی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە.
کارۆلاین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ویتکۆف سەردانی کەرتی غەززە دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی گەیاندنی یارمەتییەکان.
لیڤت پشتڕاستی کردەوە، ویتکۆف و مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل گەشتێک بۆ ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان دەکەن و کار لەسەر پەرەپێدانی پلانێک دەکەن بۆ زیادکردنی پێداویستی خۆراک. هەروەها لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکەش کۆدەبنەوە.
لیڤت، ئاماژەی بەوەدا، شاندەکەی ئەمەریکا لە کاتی گەڕانەوەی لە غەززە ڕاپۆرتێکی دەستبەجێ پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەکات، بە ئامانجی پەسەندکردنی پلانی کۆتایی بۆ دابەشکردنی خۆراک و هاوکاری لە ناوچەکەدا.