حاڵەتی پێوەدانی دووپشک لە سنووری خەلیفان زیادی کردووە

دووپشک
دووپشک

ئامارەکانی پێوەدانی دووپشک، ڕیکۆردێکی نوێی لەسەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکردووە کە ساڵانی ڕابردوو لە ئاستی ئەو ژمارەیەدا نەبووە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خەلیفان  دەڵێت:لەماوەی تەنها مانگێکدا، 30 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک لە سنوورەکە تۆمارکراون، لەماوەی 24 کاتژمێریشدا 11 حاڵەت تۆمارکراون.

شەممە 2ـی ئابی 2025، دکتۆر کاروان شێرزاد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خەلیفان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 11 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک بە گەشتیاران و منداڵان تۆمارکراون، دەڵێت: حاڵەتەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن، شوێنی پێوەدانی دووپشک کاریگەریی لەسەر دۆخی تەندروستی کەسەکان هەیە، ڕاشیگەیاند: هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نەبووە، هەموو ئەوانەی بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە گەیەندرابوونە نەخۆشخانە، چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و ڕەوانەی  ماڵەوە کرانەوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی خەلیفان دەشڵێت: دەرمانی پێویستمان لەبەردەستە، وەک هۆشیاریش بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، گوتی: ئەو کەسەی دووپشک پێی وەدەدات، نابێت بجوڵێندرێت و بە پێویستە بە ئاوی سارد شوێنی پێوەدانی دووپشکەکە بشورێت و بەپەلە کەسەکە بگەیەندرێتە نەخۆشخانە.