شاندێکی حكوومهتی عێراق بۆ لێكۆڵینهوه له هێرشه درۆنییهكان لە ههولێرە
شاندێکی حكوومهتی عێراق بۆ لێكۆڵینهوه له هێرشه درۆنییهكان لە ههولێرە و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 02ـی ئابی 2025، شاندێکی حكوومهتی عێراق بۆ لێكۆڵینهوه له هێرشه درۆنییهكان گهیشتە ههولێر و سهردانی كێڵگه نهوتییهكانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەندامێکی شاندەکە بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ لێكۆڵینهوه لە کۆی گشتیی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و یهكلاییكردنهوهی پرسهكه، پێویستییان به كاته.
بهگوێرهی زانیارییهكانی پەیامنێری كوردستان24، شاندهكه له چهند ئهفسهرێكی ههواڵگری و ئۆپهراسیۆنی هاوبهش پێكدێت و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەمممە، 28ـی تەممووزی 2025، شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە گەیشتە هەولێر و لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
قاسم ئەعرەجی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد ڕایگەیاند: "هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، زیان بە ناوبانگ و ئابووری عێراق دەگەیەنن، سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەین و هێرشکارەکان بە سزای خۆیان دەگەن."
لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە تا ئێستا، زیاتر لە 20 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خورمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ)هێرشەکانی دیکەش بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.