ویتکۆف: حەماس ڕەزامەندی نیشان داوە چەک لە غەززە دابنێت
نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان کۆبووەوە و دەڵێت "حەماس ڕەزامەندی نیشان داوە چەک لە غەززە دابنێت و دەمانەوێت بە ڕێککەوتنێک، هەموو بارمتەکان بگەڕێنینەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنین."
ئەمڕۆ شەممە، 02ـی ئابی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا؛ لە تەلئەڤیڤی پایتەخت، لەگەڵ کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس، کۆبووەوە و باسیان لە گەڕاندنەوەی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کرد.
لە هێرشەکەی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023ـدا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل، چەکدارانی قەسسام (باڵی سەربازیی حەماس) زیاتر لە 250 هاووڵاتی و سەربازیی ئیسرائیلییان بە بارمتە گرت و بردیانن بۆ غەززە. لە ئەنجامی ژمارەیەک ڕێککەوتنی ئاگربەست، زۆرینەی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد کراون، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی تەلئەڤیڤ، هێشتا 20 بارمتەی زیندوو و تەرمی 30 بارمتە، لە ژێر دەستی حەماسدا ماون.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە داوە، ستیڤ ویتکۆڤ بەڵێنی داوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل، هەموو هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان دەدەن و ڕاشیگەیاندووە "هیچ سەرکەوتنێک لە شەڕی ئیسرائیل لە دژی حەماس بەدی نایەت، ئەگەر هەموو بارمتەکان نەگەڕێنرێنەوە نێو کەسوکارەکانیان."
لەبارەی ڕێککەوتنی ئاگربەستیش لەگەڵ حەماس، بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا گوتوویەتی "دەمانەوێت لە چوارچێوەی یەک ڕێککەوتندا، هەموو بارمتەکان بگەڕێنینەوە و کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنین، نەک بە ڕێککەوتنێکی کاتی، بەشێکی بارمتەکان بگەڕێنینەوە و دواتر شەڕەکە دەست پێ بکاتەوە."
هەمان سەرچاوە باسیان لەوەش کردووە، ویتکۆڤ بە کەسوکاری بارمتەکانی ڕاگەیاندووە "حەماس تاوەکوو ئێستا ڕێگر بووە لە بەردەم ڕێککەوتنی گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان." باسی لەوەش کردووە "حەماس ڕەزامەندیی خۆی نیشانداوە چەک لە غەززە دابنێت" بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر باس بکات.
لەبارەی دۆخی مرۆیی لە غەززە، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا گوتوویەتی "ڕاستە دۆخی مرۆیی لە غەززە لە ئاستێکی خراپدایە، بەڵام نەگەیشتووەتە قۆناغی بەدخۆراکی. پلانمان هەیە هاوکارییە مرۆییەکانمان بۆ کەرتەکە زیاد بکەین و دۆخەکە باشتر بکەین."
ڕۆژی پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، ویتکۆڤ گەیشتە تەلئەڤیڤ و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە. ڕۆژی دواتر، سەردانی چەند ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراکی لە غەززە کرد و لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی ئیسرائیلیش کۆبووەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە ئوردن، ئیمارات، ئیسپانیا، فەرەنسا و میسر، لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هاوکاریی مرۆیی بەسەر خەڵكی غەززەدا بەردەدەنە خوارەوە. هاوکات ڕۆژانە ژمارەیەک بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ڕەفەحەوە دەبردرێنەوە ناوەوەی غەززە.
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرینەی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی بە ڕێگەی وشکانی دەچێتە ناو غەززە، لە لایەن چەند کەسێکەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و ناگەتە دەست کەسانی پێویست.