پارێزەرێک: مانگی داهاتوو دەمیرتاش ئازاد دەکرێت
پارێزەر و چاودێرێکی سیاسی لە بارەی پرۆسەی ئاشتی ئاماژەی دا، هەلومەرجی ئێستای پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پێشووتر جیاوازە، چونکە ئەمجارە دەسەڵاتدارانی تورکیا پشتگیری پرۆسەکە دەکەن. دەشڵێت: پێم وایە دەمیرتاش لە مانگی داهاتوو ئازاد دەکرێت.
شەممە 2ـی ئابی 2025، مەسعود ئۆزەر، پارێزەر و چاودێری سیاسی لە ئەنقەرە بە کوردستان24ی گوت: کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئامادەکاری بۆ گۆڕین و هەموارکردنەوەی ئەو یاسا و دەستوورانە دەکات، کە بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە دەبێت بگۆڕدرێن، هاوکات ئەو کۆمیسیۆنە پێشنیازەکە پێشکەشی پەرلەمان دەکات و دەبێت 301 پەرلەمانتار دەنگ لەسەر پێشنیازەکە بدەن تاوەکوو پەسەند دەکرێت.
ئاماژەشی دا، بۆ پرسی کورد لە تورکیا، کارەکانی ئەو کۆمیسیۆنە بریتن لە؛ چۆنیەتی بەشداریکردنی پەکەکە لە پرۆسەی سیاسی تورکیا، داهاتووی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندن و دانپێدانان بە نەتەوەی کورد وەکوو بەشێک لە دەوڵەتی تورکیا.
گوتیشی: ئەو 51 ئەندام پەرلەمانەی کە لە کۆمیسیۆنەکە ئەندامن، شارەزایەکی باشییان لە مێژوو و پرسی کورد هەیە و پشتگیری سیاسیشیان هەیە، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکانی کورد، ئەو کۆمیسیۆنە زۆر گرنگ دەبێت.
ئەو پارێزەرە باسی لەوەش کرد، ئەو هەلومەرجەی ئێستا بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەیە جیاوازە و پێشتر بەو شێوەیە نەبوو، چونکە ئەمجارە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و ئەوانە لە دەسەڵاتن پشتگیری پرۆسەکە دەکەن و تێگەیشتن کە پرسی کورد دەبێت لە ڕیشەوە چارە بکرێت.
لەبارەی چارەنووسی ئەو زیندانیانەی لەسەر پرسی کورد دەستگیر کراون، ئەو پارێزەرە ئاشکرای کرد، دەبێت سەرەتا داخوازییەکانی کورد لە ڕووی یاسای و دەستوورەوە جێبەجێ بکرێن، دوای ئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەرکەتووبوو، دەبێت بڕیارێک بۆ لێخۆشبوونێکی گشتی دەربچێت.
هاوکات لە بارەی ئازادبوونی دەمیرتاشیش گوتی: پێم وایە، بەو هەلومەرجەی ئێستا هەیە لە مانگی داهاتوو ئازاد دەکرێت.