ڤیان دەخیل: تا ئێستا 2827 هاووڵاتی ئێزدی بێسەروشوێنن

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و دەستووری لە پرسی شنگال و ئێزدییەکان لە ئەستۆ بگرێت.

شەممە 2ـی ئابی 2025، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: 11 ساڵ لەمەوبەر، تیرۆرستانی داعش هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و یەکێك لە قێزەونترین تاوانەکانی سەردەمی نوێیان ئەنجام دا.

ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئێزدییانەی کە ڕفێنراون، گەیشتە شەش هەزار و 417 کەس، تا ئێستاش دوو هەزار و 827 کەسیان بێسەروشوێن ماونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، باسی لەوە کرد، جینۆساید کۆتایی نەهاتووە، تا ئەم ساتەش زیاتر لە 280 هەزار ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکان دەژین، هەزاران ماڵ بە ڕووخاوی ماونەتەوە و دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.

گوتیشی: شنگال تا ئێستاش بە بێ دەنگی خوێنی لێ دەچۆڕێ و بێ ژێرخان و خزمەتگوزاری و فێرکردنە و چاودێری تەندروستیی پێویستی نییە، لە ساڵی 2014ـەوە سەدان جار داوامان کردووە و ئێستاش داوا دەکەین کە حکوومەتی عێراق دەرهەق بە شنگال و پرسی ئێزدی بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و دەستووری لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام داواکارییەکان بەهۆی فەرامۆشکردن و بێدەنگی بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.

هاوکات داوا لە حکوومەتی عێراقی دەکات، بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و دەستووری لە پرسی شنگال و ئێزدییەکان لە ئەستۆ بگرێت.

لە 3ـی ئابی 2014، بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کوردانی ئێزدی کەوتنە بەر شاڵا و جینۆسایدکردن لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، هەروەها 6417 هاووڵاتی و لە لایەن چەکدارانی ڕێکخراوەکە ڕفێندران، کە تا ئێستا بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە ژمارەیەکی زۆریان ڕزگاربکرێت و ئەوانی دیكه‌ تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.

هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران، کە تا ئەمڕۆ  83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگای تایبەت بە کوردانی ئێزدی وێران کرد.

لە کۆمەڵکۆژییه‌كه‌ی شنگال دا، 2745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونه‌ته‌وه‌، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا نزیکەی 400 هه‌زار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

 
 
Fly Erbil Advertisment