ئابووریناسێک: لە عێراق بە بیانووی جرج 62 ترلیۆن دینار دزراوە

لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی عێراق ڕەتیكردووەتەوە 62 ترلیۆن دینار لەلایەن جرجەوە قرتێندرابێت، بەڵام كاردانەوەی زۆری لەناو سیاسییەكان و ئابوورییناسان دروستكردووە، هەندێك دەڵێن: ڕاست نییە و ئەمە بەشێكە لە پەردە پۆشكردنی گەندەڵی.

محەممەد نەعناع، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، كاتێك بەدواداچوونمان بۆ بابەتەكە كرد، بۆمان دەركەوت ڕووداوەكە ڕوویداوە، بەڵام ئەو ژمارە گەورەیە نییە و كەمترە، بابەتەكەش ئاشكرا نەكراوە، بەڵام بابەتی 62  ترلیۆن دیناریان وروژاند، تا بابەتەكە كەم بەها و سادەبێت و بڵێن چۆن جرج قرتاندوویەتی؟

ئەحمەد ئەنساری، ئابووریناس ئاماژەی دا، تۆمەتباركردنی جرجەكان باوەڕ پێنەكراوە، بانكی ناوەندیی خاوەنی قاسەی پارێزراوە و بانكەكانی دیكەش بەهەمان شێوە، ئەستەمە جرج بگاتە پارە و عەقل قبوڵی ناكات.

لەگەڵ ئەوەی حكوومەت هەواڵی قرتاندنی 62 ترلیۆن دیناری ڕەتكردەوە، بەڵام هاووڵاتیان بەو هەواڵانە سەرسام نابن، وەك دەڵێن: بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵی بەكاردێت، چونكە لە ڕابردوو ڕووداوی لەوشێوەی هەبووە كە چەندان تۆن گەنم ونبوو تۆمەت ئاراستەی باڵندەكان كرا.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment