وەزیری ناوخۆ: ڕێگری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە دادگایەکی تایبەت بە تیرۆریستانی داعش دابمەزرێنێت

وەزیری ناوخۆ دەڵێت، هێشتا عەقڵییەتی لەناوبردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد بەردەوامە و جەختیش لە پاڵپشتیی بەردەوامیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردانی ئێزدی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال دەکاتەوە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 03ـی ئابی 2025، 11 ساڵ بەسەر جینۆسایکردنی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کارەساتەکەدا کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.  

"عەقڵییەتی لەناوبردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد"

بە گوتەی ڕێبەر ئەحمەد "ئەم کارەساتە (جینۆسایکردنی کوردانی ئێزدی) بەردەوامیی ئەو کارەسات و جینۆسایدانە بوو کە بە درێژایی مێژوو دژی گەلی کورد ئەنجام دراون؛ وەک جینۆسایدی فەیلی و بارزانییەکان و شاڵاوەکانی ئەنفال کیمیابارانکردنی بادینان، بالیسان و هەڵەبجە. ئەم جۆرە کارەساتانە، بەرهەمی عەقڵییەتێکی شۆڤێنییە کە بەداخەوە هێشتا عەقڵییەتی لەناوبردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد، لە لایەن هەندێک کەس و لایەنی سیاسی و بەرپرسانی بەغداوە بەردەوامە."

وەزیری ناوخۆ جەختی لە پاڵپشتیی بەردەوامیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕزگاربووانی ئێزدی کردەوە و گوتی "سوورین لەسەر دەستبەرکردنی دادپەروەری و ئاییندەیەکی شایستە بۆ هەموو خوشک و برایانی ڕزگاربووی ئێزدی."

ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەش کرد "سەرەڕای هەموو قەیرانەکان و بارودۆخی ناهەمواری ئابووری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێخکراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی پێویست بۆ هەموو ئاوارەکانی شنگال، بە تایبەت ئەوانەی لە کەمپەکان دەژین و بەردەوامیش دەبین."

ڕێبەر ئەحمەد هاوکات سوپاسی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی دهۆک و زاخۆی کرد بۆ ئەو هاوکاری، پاڵپشتی و مێواندۆستییەی پێشکەشی کوردانی ئێزدییان کرد لە کاتی ئاوارەبوونیان بەهۆی هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014. 

 

کردنەوەی دادگای تایبەت و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال

وەزیری ناوخۆ ڕەخنەی لە حکوومەتی فیدراڵی گرت و گوتی "بەداخەوە تا ئێستا کەمترخەمییەک لە لایەن دەزگاکانی فیدراڵییەوە بۆ بە جینۆسایدناساندنی کارەساتی شنگال هەیە. 11 ساڵ بەسەر کارەساتەکە تێپەڕیوە، کەچی تا ئێستا هیچ دادگایەکی تایبەت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعشی دانەمەزرێنراوە و بەداخەوە ڕێگری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە دادگایەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێنێت."

 

ڕێبەر ئەحمەد داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی فیدراڵ کرد، کارەساتی شنگال بە جینۆساید بناسێنن؛ بەڵام "نەک تەنیا بە قسەکردن و یاسا دەرکردن" بەڵکوو بە:

1. قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی خوشک و برایانی ئێزدی.

2. مسۆگەرکردنی گەڕاندنەوەیەکی سەربەرزانەی ئێزدییەکان بۆ زێدی باب و باپیرانیان.

3. دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بۆ دادگایکردنی تیرۆریستانی داعش.

4. جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال.

5. پاککردنەوەی شنگال لە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان.

6. گەیاندنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری.

7. ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی شنگال بە شێوەیەکی گشتی. 

8.  جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق.

وەزیری ناوخۆ جەختی کردەوە "دەبێت حکوومەتی عێراق قەرەبووی هەموو قوربانییانی خوشک و برایانی ئێزدی و قوربانییانی دەستی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بکاتەوە کە بەر بە شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران کەوتوون. "

 

هاوکاریی دارایی و ئاسانکاریی خوێندن

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد "سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆگرامێکی هاریکاریی دارایی بۆ پاڵپشتیی ڕزگاربووانی ئێزدی دەستپێکردووە  کە مانگانە زیاتر لە 3500 ڕزگاربوو لێی سوودمەند دەبن. 

وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە، پێشکەشکردنی ئەو هاوکارییە داراییە لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە بە ڕزگاربووانی ئێزدی "هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت و ژیانێکی سەربەرزانە بۆیان."

ڕێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو جۆرە ئاسانکارییەک پێشکەش کردووە، تا پەروەردەیەکی شایستە بۆ خێزانی ڕزگاربووان دابین بکات. ڕێکارەکانی تۆمارکردنی ڕزگاربووانی ئێزدی لە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکانی ئاسانکردووە، کرێی خوێندنی پاراڵێلیان لە زانکۆ حکوومی و تایبەتەکان بۆ هەڵوەشێنراوەتەوە.

 

ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی لە دەستی داعش

لە هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی ڕفاند.

وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی گەڕاندنەوەی ڕفێنراوانی ئێزدی، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ڕفێنراوان بەردەوامن و  تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 589 کوردی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگارکراون.