یەکەم هەنگاوی ئەمساڵی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ زیادکردنی سامانی ماسی جێبەجێ دەکرێت
بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمی ماسی، وەزارەتی کشتوکاڵ زیاتر لە 400 هەزار پەنجەماسی، دەخاتە نێو بەنداوی دووکانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئابی2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزارەتەکە بە مەبەستی بایەخدان بە سامانی ماسی، ساڵانە زیاتر لە 650 هەزار پەنجەماسی دەخاتە ناو بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
هیوا عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ یەکشەممە، 03ـی ئابی 2025، یەکەم هەڵمەتی ئەمساڵی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ زیادکردنی بەرهەمی ماسی دەستپێدەکات و زیاتر لە 400 هەزار پەنجەماسی، دەخەنە نێو بەنداوی دووکانەوە.
بە گوتەی هیوا عەلی، وەزارەتی کشتوکاڵ، بایەخەکی زۆر بە سامانی ماسی دەدات و پلانیان هەیە سامانەکە زیاتر بکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی ماسی لە هەرێـمی کوردستان، زیاتر لە سێ هەزار تۆنە و ئێستا گەورەترین پرۆژەی ماسی لە پارێزگای دهۆکە.
لە هەرێمی کوردستان، 412 پرۆژەی مۆڵەتپێدراو هەن کە گۆشتی ماسی بەرهەم دێنن؛ چوار پرۆژەی حکوومییش بۆ بەرهەمهێنانی پەنجەماسی هەن.
ئەو پرۆژانە زیاتر لە سێ هەزار هەلیکاریان بۆ دەستی کاری ناوخۆیی ڕەخساندووە کە سەرمایەی پرۆژەکان زیاتر لە 30 ملیار دینارە.
بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار و 500 تۆن ماسییە؛ هەرێمی کوردستان پێویستیی بە نزیکەی 80 هەزار تۆن ماسی لە ساڵێکدا هەیە، تا بگاتە ئاستی خۆبژێوی.
کابینەی نۆیەم لێخۆشبوونی گومرگی بۆ پرۆژەکانی بەرهەمی ماسی دەر کردووە و کارەباکەشیان بە نرخی کارەبای کشتوکاڵی نەك بازرگانی بۆ هەژمار دەكرێت، تاكوو تێچووی بەرهەمهێنانیان لەسەر كەم ببێتەوە و بەرهەم زیاد بكات.
پەرەپێدانی سامانی ماسی و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەرنامەی کابینەی نۆیەمە و هەوڵەکان بۆ گەیاندنی بە ئاستی خۆبژێوی لە سامانە جۆربەجۆرەكانی ئاژەڵداری بەردەوامە. بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت بەرهەمهێنانی سامانی ماسی بگەیەنێتە ئاستێكی بەرزتر.