ماکرۆن جەخت لە چارەسەری دوو دەوڵەت و داماڵینی حەماس لە چەک دەکاتەوە

سەرۆکی فەرەنسا لە سەر هەڵوێستەکەی بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین ڕژدە، هاوکات ئاماژەشی دا لە هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بەردەوام دەبن.

یەکشەممە 3ـی ئابی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: کاری لە پێشینەی وڵاتەکەی ئازادکردنی سەرجەم ئەو بارمتانەی لە غەززە هەن. بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانیان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بێ مەرج و ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو کەرتە بەردەوام دەبن.

گوتیشی: ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بەس نییە، بەڵکوو بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی و سەقامگیر و دادپەروەری ناوچەکە، تاکە ڕێگا ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستینە، هاوکات دەبێت حەماسیش لە چەک دابماڵرێت و هیچ ڕۆڵێکی لە دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستیندا نەبێت.

سەرۆکی فەرەنسا باسی لەوەش کردووە، هاوخەمی کەسوکاری ئەو بارمتانەن کە نزیکەی 660 ڕۆژە دەستبەسەر کراون، هەروەها ئیدانەی بڵاو کردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بارمتەیەک لەلایەن حەماس دەکات و بە ترسناک وەسفی دەکات.

پێشتریش، ژان نویل بارۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیبووی: دەبێت ڕێژەی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە زیاد بکرێت و ئەو بارمتانەی لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون، ئازاد بکرێن.

ڕۆژی دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکاییەتی فەرەنسا و سعوودییە لە نیویۆرک بەڕێوە چوو، هاوکات ئەمەریکا بایکۆتی کۆنفرانسەکەی کردووە و بە بانگەشەی سیاسیی و خزمەتکردن بە تیرۆر ناو برد، لە بەرانبەر دا فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا هەڵوێستێکی پێچەوانەیان هەیە و ڕایانگەیاندبوو، دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن.