دەم پارتی: پێویستە زیندانیکردنی دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کۆتایی پێبێت

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەکات، بە دیموکراسیکردنی تورکیا لە ڕێگەی ئازادیی سیاسییەوە دەبێت، چیتر ناتواندرێت لەگەڵ چوارچێوە و چەمکەکانی پێشووی دیموکراسی بەردەوام بین.
سزایی تەمەلی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، ڕایگەیاند: ئەو کۆمیسیۆنەی بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکدەهێنرێت، دەبێت ئەرکی جیددی کۆتایی هێنانی بێت بە پرسی زیندانیانی سیاسی.
گوتیشی: پێویستە کۆتایی بە سزای زیندانی سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بهێنرێت و ئەوانەشی بەهۆی چالاکیی سیاسەوە ناچار بە ئاوارەیی بوون، بگەڕێندرێنەوە.
سزایی تەمەلی گوتی: بە دیموکراسیکردنی تورکیا دەبێت لە ڕێگەی ئازادیی سیاسییەوە بێت، هەربۆیە ناکرێت لەنێو بازنەی چەمکەکانی پێشووی دیموکراسی بەردەوام بین و پێویستمان بە تێگەیشتنێکی نوێیە لە سەروەری یاسا، ئەمەش لە ڕێگەی چارەسەری دیموکراسیانە بۆ پرسی کورد دەکرێت.
هەروەها گوتی: کۆمیسیۆنی ئاشتی دەبێت مەرجەکانی سیستەمێکی یاسایی گشتگیر و هێنانەدی دیموکراسی جێبەجێ بکات و پێویستە دۆخ و کەشێکی گونجاو بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڕەخسێنرێت تاوەکوو بتوانێت پرۆسەکە بە تەواوی بەرەو پێش ببات.
هاوکات دوێنێ شەممە 2ـی ئابی 2025، مەسعود ئۆزەر، پارێزەر و چاودێری سیاسی لە ئەنقەرە بە کوردستان24ی گوت: کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئامادەکاری بۆ گۆڕین و هەموارکردنەوەی ئەو یاسا و دەستوورانە دەکات، کە بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە دەبێت بگۆڕدرێن، هاوکات ئەو کۆمیسیۆنە پێشنیازەکە پێشکەشی پەرلەمان دەکات و دەبێت 301 پەرلەمانتار دەنگ لەسەر پێشنیازەکە بدەن تاوەکوو پەسەند دەکرێت.
باسی لەوەش کردبوو، پێم وایە دەمیرتاش لە مانگی داهاتوو ئازاد دەکرێت.