عەزیز ئەحمەد: ئەو کەسانەی سیستەمی سۆلاریان داناوە مانگانە پارەی کەمتریان بۆ دێتەوە

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی لە ڕێگەی سیستەمی سۆلارەوە کارەبا بۆ ماڵەکانیان دابین دەکەن، ئەوا بەگوێرەی کارەبای بەرهەمهاتوو پارەی مانگانە کەم دەبێتەوە.

سێشەممە 5ـی ئابی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: بەم زووانە پرۆژەی ڕووناکی سیستەمی "تۆڕی پێوانەیی" لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

ئاماژەشی داوە، ئەگەر سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبای بە وزەی خۆر (سۆلار پاوەڕ) لە ماڵەکەت داناوە و خۆت تۆمار کردووە، ئەوا ئەو بڕە کارەبایەی کە بەرهەم دێت لە پسوولەی کارەبای مانگانە کەمدەکرێتەوە. هەروەها نووسیویەتی: بەمەش هاووڵاتییان بە بەکارهێنانی ئەو سیستەمە لە وەرزی هاویندا دەتوانن %30 لە پسوولەی کارەبا پاشەکەوت بکەن.

هەر ئەمڕۆ کارەبای سلێمانی ڕایگەیاندبوو، هەزار و 33 کەس سیستەمی سۆلاریان داناوە و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 23.370 مێگاوات.