غەززە.. پێنج کەسی دیکە بەهۆی برسێتییەوە مردن
مردنی هاووڵاتییانی غەززە بەهۆی برسێتییەوە بەردەوامە و پێنج حاڵەتی دیکەی مردن بەوهۆیەوە تۆمار کران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06ـی ئابی 2025، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی بەدخۆراکی و برسێتییەوە پێنج حاڵەتی دیکەی مردن تۆمار کراون.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا 193 کەس لە دانیشتووانی کەرتی غەززە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لە دەست داوە، کە 96ـیان منداڵن.
وەزارەتەکە دوا ئامارەکانی قوربانییانی غەززەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی 87 هاووڵاتی و 644 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی غەززە؛ ئەمە جیا لەوەی ژمارەیەکی زۆری تەرم لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە و تا ئێستا دەرنەهێندراون.
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ئاماژەی بە کۆی قوربانی شەڕی غەززە داوە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکوو ئێستا، 61 هەزار و 20 کوژراو و 150 هەزار و 671 کەس بریندار بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە ئوردن، ئیمارات، ئیسپانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و میسر، لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هاوکاریی مرۆیی بەسەر خەڵكی غەززەدا بەردەدەنە خوارەوە. هاوکات ڕۆژانە ژمارەیەک بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ڕەفەحەوە دەبردرێنەوە ناوەوەی غەززە.
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرینەی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی بە ڕێگەی وشکانی دەچێتە ناو غەززە، لە لایەن چەند کەسێکەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت و ناگەتە دەست کەسانی پێویست.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە، 04ی ئابی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەرەتای کۆبوونەوەی حکوومەتەکەی ڕایگەیاند: "لەم هەفتەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەکەمەوە، بۆ ئەوەی فەرمان بە سوپا بکەم چۆن ئەو سێ ئامانجەی جەنگ بەدەست بهێنێت، کە بریتین لە تێکشکاندنی حەماس، ئازادکردنی بارمتەکان و دڵنیابوون لەوەی کە جارێکی دیکە غەززە نابێتەوە هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل."
میدیاکانی ئیسرائیلیش باس لەوە دەکەن، کابینەکەی ناتانیاهۆ، بەسەر دوو بۆچووندا دابەش بوون و بەشێک لە وەزیرەکان لەگەڵ ئەوەدان ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکان لە غەززە فراوانتر بکەن. لە بەرامبەردا هەندێکیان لەو بڕوایەدان پێویسیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان سنووردار بکەن بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان لەگەڵ حەماس بدەن.