ئێران زانایەکی ئەتۆمی بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ مۆساد لەسێدارەدا

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، زانایەکی ئەتۆمیان بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل، لەسێدارە دا.

ماڵپەڕی 'میزان ئۆنڵاین'ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، سزای لەسێدارەدان بەسەر 'ڕۆزبەی وادی' جێبەجێ کرا، ئاماژەی بەوەش کرد، وادی زانیاری دەربارەی ئەو زانا ئەتۆمیانەی ئێران بە مۆساد داوە، کە لە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوانیان کوژراون، هەروەها ڕۆزبێ لە نەمسا چاوی بە بەرپرسانی مۆساد کەوتووە و لەگەڵیان کۆبووەتەوە.

ماڵپەڕەکە ئاشکراشی کردووە، "دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاریی هەواڵگری بۆ ئیسرائیل، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێکراوە."

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگا و دانپێدانانی ڕۆزبەی "بەمەبەست هاوکاریی دەزگای سیخوڕی مۆسادی کردووە."

ماڵپەڕی میزانی ئێرانی باسی لەوەش کردووە "ئەو تۆمەتبارە لە یەکێک لە گرینگترین و هەستیارترین ڕێکخراوەکانی وڵاتدا کاریکردووە، هەروەها بەئاسانی دەستی بە زانیارییەکان گەیشتووە، بۆیە بووەتە ئامانجێکی سەرنجڕاکێش بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل".

ڕوونیشی کردەوە کە "ڕۆزبەی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە لەلایەن مۆسادەوە دامەزراوە، لە قۆناغە جیاجیاکانی هەڵسەنگاندنی ئەفسەرانی مۆساد بەشداری کردووە".

ڕۆزبەی ئیبراهیم وادی بڕوانامەی پزیشکی لە ئەندازیاریی ئەتۆمی هەیە، لەبواری کورە ئەتۆمییەکان 'ریاکتۆر'، هەروەها مامۆستای زانکۆی ئەمیر کەبیر بووە، ڕۆزبەی ئەندامی توێژینەوە زانستی و هونەرییەکانی ئەتۆمی بووە لە ڕێکخراوی ئەتۆمی ئێران.