‎ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کرد

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک نوێنەرانی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کۆبووەوە و جەختیان لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە کاری پێکەوەیی و ڕۆژانەی هەموو لایەنەکان کردەوە.

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئابی 2025، بە مەبەستی پتەوکردنی میکانیزمەکانی هاوکاری بۆ جێبەجێکردنی پلانی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەرنج خستنە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) و دانانی بەرنامە و پلانی کاری داهاتوو لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کۆبوونەوتەوە، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا ڕۆڵی ڕێکخراوەکان لە چاودێریکردنەوە بۆ پشتیوانیکردنی لە جێبەجێکردنی پلانەکە دووپات کرایەوە .

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی داوە، لە ڕوانگەی باوەڕێکی پتەو و لەسەر بنەمای پابەندییەکی نەگۆڕەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێڕوانینێکی بنەڕەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025)ی بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم لە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، ڕێکخراو و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئامادە کرد.

ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەم پلانە پەیامێکی ڕوون و نەخشەڕێگایەکی کردارییە، کە ئامانجی سەرەکیی گۆڕینی بەها و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانە بۆ سیاسەتی کرداری کاریگەر و هەنگاوی بەردەوام.

باسی لەوەش کرد، جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) پەسەند نەدەکرا، ئەگەر پاڵپشتی و پشتگیری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فەراهەم کردنی ژینگەیەکی بەشداریپێکردنی فراوان و سیستەمێکی تەواوکاریی تۆکمە نەبووایە. هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆ هەموو وەزارەت، دەستە و دامەزراوە حکوومییەکان لە هەماهەنگییەکی بەهێز و بەردەوامدان لەگەڵ نووسینگەی ڕێکخەردا لە ڕێگای ئەو تۆڕی پەیوەندییەی کە پێکهێنراوە بۆ ئەم مەبەستە لە قۆناخەکانی ئامادە کردن بەشدار بوون و پلانەکەیان بە دوایین داتا و زانیاری دەوڵەمەندتر کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە کراوە، لە سەرەتای جێبەجێکردنی پلانەکەوە، هەنگاوی کاریگەر لە کەرتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریدا نراوە، لەم ڕووەوە ڕاپۆرتەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە کە لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە دەرچوون دەری دەخەن کە ڕێژەی جێبەجێکردن لە ساڵی 2022دا 34.8% بوو، بەڵام لە ساڵی 2023دا بۆ 42.8% بەرز بووەتەوە ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی حکوومەتە بە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان. باسی لەوەش کردووە، لەسەر بنەمای دوایین ڕاسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیر، بەتایبەتی ئەو ڕاسپاردانەی کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ئاراستەی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کراون کار لەسەر پێنجەمین ڕاپۆرتی پلانەکە دەکەن.

سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و بەشداری کردنیان لە پلانەکە دووپاتییان کردووەتەوە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پشتیوانیی تەکنیکی، پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان لە ڕێی کۆنفرانس وۆرکشۆپی تایبەتمەند، و ئاگاداربوونی بەردەوام لە پێشکەوتنەکان، وەک هاوبەشێکی چاودێر و پشتیوان ڕۆڵیان بینیوە و بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدارییان لە دەوڵەمەندکردنی و پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکەدا کردووە، ئەمەش نیشانەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە جددیەتی ئەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان، بۆیە دەمانەوێت ئەم پەیوەندییە قووڵتر بکەینەوە و ئەو هاوکارییەی ڕێکخراوەکان پەرە پێ بدەین لە گشت بوارەکانی نێو پلانەکە.

هەروەها ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ کردەوە، لە وانەش دانانی میکانیزمێکی پەیوەندیی خێرا و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێکخراوەکاندا بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری، بنیاتنانی تواناکان و ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، پێکهێنانی تیمی کاری هاوبەش لەسەر تەوەرە دیاریکراوەکان، گرنگیی سوودوەرگرتن لە شارەزایی ڕێکخراوەکان لە پرۆسەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکانی حکوومەت بۆ لیژنە نێودەوڵەتییەکان.

ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، لەلایەن خۆیانەوە نوێنەرانی ڕێکخراوەکان پێشوازییان لەم دیدە نوێیەی حکوومەت کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکارییەکی سیستەماتیک و بەردەوام نیشان دا جەختیشیان کردەوە کە کردنەوەی دەرگای زیاتری دامەزراوە حکوومییەکان بە ڕووی شارەزایی و تێبینییەکانیاندا، یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا و ڕێگری لە فراوان بوونیان دەکات.هەروەها هەر دوو لا جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە کاری پێکەوەیی و ڕۆژانەی هەموو لایەنەکان هەیە.