کرێملن: هەڵوێستی خۆمان دەربارەی ئۆکرانیا بە ویتکۆف ڕاگەیاند

ستیڤ ویتکۆف و ڤلادیمیر پوتن
ستیڤ ویتکۆف و ڤلادیمیر پوتن

یوری ئۆشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری دەرەوە، ڕایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە وتووێژێکی بەسوود و بنیاتنەرانەی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کردووە.

چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری دەرەوە، ڕایگەیاند " ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەتەوە و دەربارەی پرسی ئۆکرانیا، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە و باسیان لە ئەگەری پەرەپێدانی هاریکاری ستراتیجیی نێوان مۆسکۆ و واشنتن کردووە."

کیریل دمیتریێڤ، نێردەی وەبەرهێنانی ڕووسیا، کە پێشوازی لە ویتکۆف کرد، لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە (تێلیگرام) نووسیویەتی "دیالۆگ سەردەکەوێت."

ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی لەباری کۆبوونەوەکە نەداوە

ڕوون نەبوو کە ڕووسیا چی پێشکەش بە ویتکۆف کردووە بۆ ئەوەی هەڕەشەکەی ترەمپ دوور بخاتەوە، هاوکات ویتکۆف، ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەکە دەربارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتن، ئاشکرا بکات، تا ئەو کاتەی ڕاپۆرتەکەی دەداتە ترەمپ. 

یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا، کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، بە ئاژانسی هەواڵی ڕووسی زڤێزدا (Zvezda)ـی گوت: گفتوگۆیەکی زۆر بەسوود و بنیاتنەرمان کرد. ئێمە بیروڕای خۆمان دەربارەی ئۆکرانیا ڕاگەیاند و بیروڕای سەرۆک ترەمپیشمان پێ گەیشت.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ئۆکرانیا و پێشنەکەوتنی پرۆسەی ئاشتیی، چەندین جار بێزاری خۆی لە بەرانبەر پوتن پیشان داوە و هەڕەشەی سەپاندنی باجی قورسی بەسەر ڕووسیا و ئەو وڵاتانەی کە بازرگانی لەگەڵ مۆسکۆ دەکەن کردووە.

هاوکات ترەمپ، فشارێکی تایبەت دەخاتە سەر هیندستان، کە پێکەوە لەگەڵ چین کڕیارێکی گەورەی نەوتی ڕووسیان. کرێملن دەڵێت هەڕەشەی سزادانی ئەو وڵاتانەی کە بازرگانی لەگەڵ ڕووسیادا دەکەن، نایاسایین.

تۆپەکە لە گۆڕەپانی ڕووسیادایە

ئاژانسی بلومبێرگ (Bloomberg) و ئاژانسی هەواڵی سەربەخۆی ڕووسی زە بێڵ (The Bell) بڵاویان کردووەتەوە " لەوانەیە کرێملن پێشنیازی ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە شێوەیەک کاتی بکات.. ئەم پێشنیازە، هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پوتن باسی لێوە کراوە."

چاودێران لایان وایە ئەگەر ئەو پێشنیازە جێبەجێ بکرێت، زۆر کەمتر دەبێت لەو ئاگربەستە تەواو و دەستبەجێیەی کە ئۆکرانیا و ئەمەریکا چەند مانگێکە داوای دەکەن؛ بەڵام هەندێک ئارامیی بۆ هەردوولا دابین دەکات.

لەوەتەی لە مانگی ئایاری ڕابردووەوە ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستیان بە وتووێژی ڕاستەوخۆ کردووەتەوە، ڕووسیا قورسترین هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ئۆکرانیا و تەنیا لە کیێڤ، لانیکەم 72 کەسی کوشتووە. هەفتەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هێرشەکانی ڕووسیای بە "قێزەون" ناوبرد.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاندبوو، کە ڕووسیا هێرشی کردووەتە سەر وێستگەیەکی غاز لە باشووری ئۆکرانیا و بە لێدانێکی 'بە مەبەست و بێبەزەییانە' ناوی برد. ڕووسیا ڕایگەیاند ئەو وێستگەیەی هێرشی کردووەتە سەر، پێداویستیی غازی سوپای ئۆکرانیای دابین دەکرد.

ئاندری یەرماک، سەرۆکی نووسینگەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕۆژی چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام نووسیبووی"شەڕ دەبێت بوەستێت و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ڕووسیادایە."

دوا هەوڵ بۆ گەیشتنە چارەیەکی گونجاو

سێ سەرچاوەی نزیک لە کرێملن بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، بە دووری دەزانن پوتن ملکەچی هەڕەشەی سزاکانی ترەمپ ببێت؛ چونکە ئەو پێیوایە شەڕەکە دەباتەوە و ئامانجە سەربازییەکانی لە سەرووی ئارەزووی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادایە.

گێرهارد مانگۆت، شیکارێکی نەمسایی و ئەندامی گروپێکی ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژئاوایی کە بە بەردەوامی لەگەڵ پوتن کۆبوونەتەوە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: سەردانەکەی ویتکۆف دوا هەوڵە بۆ دۆزینەوەی چارەیەک کە ئابڕووی هەردوولا بپارێزێت. هەرچەند  باوەڕ ناکەم هیچ جۆرە سازشێک لە نێوانیاندا هەبێت؛ ڕووسیا ئامادەیی خۆی بۆ ئاگربەست دەردەبڕێت، بەڵام تەنیا بەو مەرجانەی کە پێشتر ڕایانی گەیاندووە.

سەرچاوە ڕووسییەکان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، پوتن گومانی هەیە کە سزای ئەمجارەی ئەمەریکا کاریگەرییەکی زیاتری هەبێت لەو سزایانەی لە ماوەی سێ ساڵ و نیو شەڕدا بەسەر ڕووسیادا سەپاندوونی.

ئەوان هەروا گوتیان: سەرۆکی ڕووسیا نایەوێت ترەمپ تووڕە بکات و تێ دەگات کە لەوانەیە دەرفەتێک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و ڕۆژئاوادا لە دەست بدات، بەڵام ئامانجەکانی شەڕەکەی بەلاوە گرنگترن.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، پێشتر ڕایگەیاند "ئۆکرانیا هەرگیز ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو ناوچانە بێت کە ڕووسیا داگیریانی کردووە."

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment