پۆلیسی پارێزگای هەولێر: تۆمەتباری ڕووداوەکەی شەقامی کۆیەمان دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: لە شەقامی کۆیە، کارمەندی بەنزینخانەیەک لەگەڵ شۆفێرێک و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە، دەبێتە دەمەقاڵییان. لە ئەنجامدا بووە هۆی کوژرانی سێ کەس.
چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمشەو کاتژمێر 8:30، لە شەقامی کۆیە، کارمەندی بەنزینخانەیەک لەگەڵ شۆفێرێک و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە، دەبێتە دەمەقاڵییان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند: لە لایەن کارمەندی بەنزینخانەکەوە تەقە کرا و لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی کوژران، هەروەها دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە دەستگیر کرا و، ئێستا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.