نیویۆرک تایمز: ترەمپ پلانی هەیە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ زێلێنسکی و پوتن بکات
ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا، باسی لە پلانێک کردووە کە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ سەرۆکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکات. لای خۆشییەوە، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە کە ڕووسیا دەیەوێت لەگەڵ ئەمەریکا کۆببێتەوە و سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەیی خۆی پیشان داوە.
چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، کە سەرکردەکانی ڕووسیا لە کۆبوونەوە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیازی خۆیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پیشان داوە. ئاماژەشی دا، سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەیە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە.
لەو بارەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، لە پلانی دایە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پوتن، کۆببێتەوە. ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەشی داوە، دوای کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتن، هەردووکیان لەگەڵ زێلێنسکی، لە بارەی پرۆسەی ئاشتی کۆدەبنەوە.
ئەمەش لە کاتێک دایە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: دوای کۆبوونەوەی ستیڤ ویتکۆف، لەگەڵ پوتن، بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد و سەرکردەکانی ئەورووپاش لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکە بەشدار بوون.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە لە زاری سەرچاوەیەک ئاگادار لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکە بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ لە کاتی قسەکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا پلانەکەی ئاشکرا کردووە، بەڵام ئەو سەرکردانە بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن و تەنیا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی دەبێت.
هەروەها فۆکس نیوزی ئەمەریکی دووپاتی کردووەتەوە، ترەمپ ئامادەیە کۆبوونەوەی سێقۆڵی بکات، بەڵام بەو مەرجەی کۆبوونەوەکە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا بێت.
ئەو ڕۆژنامەیە ئەمەریکییە باسیشی لەوە کردووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا هەر یەکە لە کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فرێدریک مێرز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و ستیڤ ویتکۆف بەشدار بوونە.
سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامەکەی لە ئێکس ئاماژەشی دابوو، هەڵوێستی ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان ئاشکرایە کە دەبێت ئەو جەنگە کۆتاییبهێت هاوکات جەختیشی کردووەتەوە ئۆکرانیا بە تەواوی سەربەخۆیی خۆی دەپارێزێت و هەموومان پێویستمان بە ئاشتییەکی بەردەوام و ڕووسیاش دەبێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە دەستی پێکردووە.
هەروەها هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیبووی: ستیڤ ویتکۆف، دیدارێکی زۆر بەرهەمدار و ئەرێنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن هەبووە. ئاماژەشی دابوو، ویتکۆف و پوتن گفتوگۆیان لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا کردووە و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانیشمان لە بارەی کۆبوونەوەکە ئاگادار کردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، ستیڤ ویتکۆف، لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، کۆبووەوە و دەربارەی پرسی ئۆکرانیا گفتوگۆیان کرد، هاوکات کۆبوونەوەکەی نێوانیان نزیکەی سێ کاتژمێری خەیاندووە و باسیان لە ئەگەری پەرەپێدانی هاریکاری ستراتیجیی نێوان مۆسکۆ و واشنتن کردووە. دوای کۆبوونەوەکە یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری دەرەوە، ڕایگەیاندبوو: ویتکۆف و پوتن دیدارێکی بەرهەمدارییان هەبوو.
پێشتر سەرۆکی ئۆکرانیا چەندین جار ویستی خۆی بۆ کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی پیشان داوە و ئاماژەی داوبوو، هەموو بڕیارە یەکلاکەرەوەکان لەلایەن پوتنەوە دەدرێن، بۆیە دەبێت لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆببمەوە.