نوێنەری نوێی هەرێمی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دیاری کرا
نوێنەری نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دیاری کرا و دەست بە کار بوو.
عەمید عەبدولستار یاسین زێباری، بەڕێوەبەری پێشووی گشتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07ـی ئابی 2025، وەک نوێنەری نوێی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عێراق دەستبەکاربووم."
عەمید عەبدولستار زێباری لە شوێنی لیوا عەبدوڵخالق تەڵعەت، کە تەمەنی یاسایی تەواو بووە و خانەنشین بووە؛ دیاری کراوە. ئاماژەی بەوەش دا "هەوڵ دەدەم بە باشترین شێوە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم و ئەو ئەرکە سەربازییانەش کە پێم دەسپێردرێن، بە ڕێکوپێکی ئەنجام بدەم."
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، لیژنەی ھاوبەشی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق کاری کۆڵینەوەیان لەبارەی ھێرشکردنە سەر هەولێر تەواوکرد و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیان داوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات.
عەمید عەبدولستار زێباری ئاماژەی بەوە دا "کاری لە پێشینەمان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عێراق، ڕێگریکردن دەبێت لە دووبارەبوونەوەی هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان (درۆن) بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت کێڵگە نەوتییەکانی."
عەمید عەبدولستار زێباری ڕۆژی 03ـی ئاداری 1971 لە سنووری قەزای ئاکرێ لە دایک بووە، دەرچووی کۆلیژی سەربازیی بەغدا و کۆلیژی یاسای زانکۆی سەڵاحەددینە. لە ساڵی 1992ـەوە دوای دەرچوونی لە کۆلیژی سەربازیی بەغدا پەیوەندیی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە.
زێباری لە ڕیزەکانی پێشمەرگە، بەشداریی لە چەندان شەڕدا کردووە، لەنێویاندا شەڕی ڕزگاکردنی عێراق و داعش و بەوهۆیەوە سێ جار بریندار بووە.