هاکان فیدان لە دیمەشقە و پرسی هەسەدە لەگەڵ شەرع تاوتوێ دەکات

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوتوێ دەکات. 

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشقی پایتەختی سووریایە و چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆببێتەوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی فیدان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، ڕێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا و  گرژییەکانی ئەم دواییەی باشووری سووریا دەبێت. 

هاوکات سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، هەسەدە بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لە 10ی ئاداردا لەگەڵ حکوومەتی سووریا واژووی کردووە، هەڵسوکەوت ناکات. 

گوتیشی "هەسەدە سوودی لە ململانێکانی باشووری سووریا وەرگرتووە و هێرشەکانی ئەم دواییەی لە دژی حکوومەتی سووریا لە مەنبج و لادێکانی حەلەب زیان بە یەکێتی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە دەگەیەنێت." 

سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا باسی لەوەش کردووە، هەڵوێستی تورکیا ڕوونە و بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیی یەکێتی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا؛ لەم ڕووەوە، بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی حکوومەتی سووریا لە شەڕی دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و پێشکەشکردنی ڕاهێنان و ڕاوێژکاری، کە سووریا داوای دەکات بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرگری و ئەمنیی وڵاتەکەی.

ئەمە لە کاتێکدایە، لەبارەی ڕێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا، دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە بەزووترین کات ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت. 

 
 
Fly Erbil Advertisment