دەم پارتی: پێویستە زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن

ئایشەگول دۆغان، ئاماژە بەوە دەکات لەگەڵ دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان گەیشتوونەتە قۆناغێکی زۆر گرنگ لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و داوا دەکەن ئەو کارانەی لە کۆمسیۆنەکە ئەنجام دەدرێن بنیاتنەر بن.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان( دەم پارتی)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، ڕایگەیاند: گرنگە کێشەکان لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەر بکرێن و ئەم کۆمیسیۆنە بە تەنیا ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، بۆیە پێویستە حکوومەت کاری زیاتر بکات بۆ ئەوەی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی بەدی بێت.
هەروەها باسی لەوەشکرد، تورکیا پێویستی بە دیموکراسی و برایەتی یەکسان هەیە و گرنگە کۆمیسۆنەکە نەک تەنیا کۆتایی بە گرژی و شەڕی چەند ساڵە بهێنێت، بەڵکوو ئەو کێشانەی هۆکاربوون بۆ سەرهەڵدانی گرژییەکان پێویستە چارەسەر بکرێن.
ئایشەگول ئاماژەی بەوە دا، دەبێت دامەزراندنی کۆمیسۆنەکە وەک پرۆسەیەکی گۆڕانکاری هەژمار بکرێت و داوا لە کۆمیسۆنەکە دەکەین کار بۆ ئازادکردنی زیندانییان نەخۆش بکرێت بەتایبەتی زیندانیانی سیاسی ئەوانەی ماوەی زیندانیکردنییان تەواو بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە بڕیار وایە سبەی هەینی، 8ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیا کە ناوی لێنراوە "کۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" دووەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.