شوان کەلاری: پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە

شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق
شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دووری دەزانێت پڕۆژەیاساکەی حەشدی شەعبی لەم خولەی پەرلەماندا پەسەند بکرێت. دەشڵێت: پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا تێک دەدات.  

شەممە، 9ـی ئابی 2025، شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لەم خولەی ئێستای پەرلەمان، قورسە و ئەگەری هەیە بکەوێتە خولی داهاتوو."

بە گوتەی شوان کەلاری "ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە تێپەڕێت، عێراق زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا تێک دەچێت، ئەمەش لە ڕووی ئابووری و سەقامگیرییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت، چونکە ئەمەریکا لەو وڵاتە بەتەواوی دەکشێتەوە؛ بۆیە بڕوا ناکەم ئەو پڕۆژەیاسایە تێپەڕێت."

لەبارەی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە دا "بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق بەشێکی پەیوەندی بە تێنەپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبییەوە هەیە، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەی پەرلەمانتارانی کورد گرنگە، کۆتاییهاتنی ئەو دۆخە ناهەمووارەیە کە عێراق بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دروست کردووە."

هەروەها دەیڤد دی رۆش، بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، 04ـی ئابی 2025، لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دەرچوونی ئەم پڕۆژەیاسایە لە بەرژەوەندیی ئێرانە و خزمەت بە هەژموونی ئێران لە عێراق و ناوچەکە دەکات. بەشێک لەو گرووپانەی لەژێر چەتری حەشدی شەعبین، لەلایەن ئەمەریکاوە لە لیستی تیرۆر دان. واشنتن ڕێگە نادەت ئەم گرووپانە بە دامەزراوەیی بکرێن، چونکە خزمەتی ئێران دەکەن.

بەرپرسەکەی پێشووی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا "تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیاسایە، عێراق دەخاتە ژێر پرسیارەوە و خزمەت بە وڵاتەکە ناکات، هەروەها لەم بارەیەوە ئەمەریکا زۆر بەباشی هەڵوێستی خۆی بە عێراق گەیاندووە، ئەگەر هاتوو ئەم پرۆژەیاساییە پەسند بکرێت، ئەمەریکا بە توندی سزای عێراق دەدات و لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتە نابێت."

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش، 3ـی ئابی 2025، ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، له‌گه‌ڵ موحسین مه‌نده‌لاوی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كۆبووه‌وە و تاوتوێی پڕۆژه‌یاساکەی حه‌شدی شه‌عبییان كرد.

پێشتریش مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی کردەوە، په‌سندكردنی پڕۆژه‌یاساكه‌، هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق زیاتر ده‌كات و گرووپه‌ چه‌كداره‌ تیرۆریستییه‌كان به‌هێزتر ده‌كات، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌روه‌ریی عێراق ده‌كات.

بە گوێرەی چاودێرانی سیاسی، پرۆژەیاساکە ئەگەر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، ڕێگە بە حەشدی شەعبی دەدات، ئەکادیمیای سەربازی تایبەت بەخۆی هەبێت و بتوانێت ئەفسەر لەوێ پێبگەیەنێت، ئەمە لەگەڵ دەستکردنەوەی بۆ ئەنجامدانی کاری بازرگانی و دۆزینەوەی سەرچاوەی داهات بۆخۆی. بە جۆرێک حەشد هاوشێوەی سوپای عێراقی لێدێت و لە هەندێ ڕووەوە لەو بەهێزتریش دەبێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment