بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی: هەر کەسێک لەبەر دەرگای ماڵەکەی ئۆتۆمبێل بشوات سزا دەدرێت

شووشتنی ئۆتۆمبێل لە ماڵەوە
شووشتنی ئۆتۆمبێل لە ماڵەوە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئاو بەفیڕۆ نەدەن و ئۆتۆمبێل لەبەر دەرگای ماڵەکانیان نەشۆن؛ ئەگەر نا، پێبژاردنیان پێ دەکرێت.  

یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، بەڕێوبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕاگەیەنراوێكی لەبارەی کەمی ئاو و بەکارهێنانی لە لایەن هاووڵاتییانی شارەکەوە بڵاوکردەوە. 

بەڕێوبەرایەتییەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئاو بەفیڕۆ نەدەن و ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەر دەرگای ماڵەکانیان نەشۆن، تەنانەت بە  ئاوی بیریش بێت. دووپاتیشی کردووە، هەر کەسێک ئەو کارە بکات، بە بڕی 50 هەزار دیناری عێراقی پێبژاردنی پێ دەکرێت. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی بەڕێوبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ئەگەر سەرپێچیکار ئامادە نەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات، پارەکە دەچێتە سەر هەژماری قەرزی ئاوەکەی.

ئەمە داواکارییەی بەڕێوبەرایەتیی ئاوی سلێمانی لە کاتێکدایە، بەهۆی کەمبارانی و دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاو، شاری سلێمانی ڕووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بووەتەوە، بە جۆرێک هەندێک ڕۆژ لە زۆرینەی گەڕەکەکان ئاو نییە. ئەم گرفتە مزگەوتەکانیشی گرتووەتەوە، دەرگای بەشێک لە مزگەوتە دێرینەکان لە بێ ئاویدا داخراون. 

سەبارەت بە چارەکردنی کێشەکە، ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاوی سلێمانی بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند  "شاری سلێمانی بۆ ئەوەی لە کێشەی کەمئاوی ڕزگاری ببێت، پێویستە هێڵی سێی ئاوی دوکان – سلێمانی، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش کاری لەسەر پڕۆژەکە کردووە و دەیداتە کۆمپانیایەک تا جێبەجێی بکات."

ڕۆژانە ئاوی بەشێک دانیشتووانی سلێمانی لە رێگەی تەنکەرەوە دابین دەکرێت. بەهۆی کەمئاویش بازاڕی تانکەرەکان گەرمە و لە هەندێک کاتیشدا دەستناکەوێت.