دەنگدانی ئەزموونی دەستیپێکرد؛ "کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرمان چارەسەر کردووە"
دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەموو وێستگەکانی دەنگدان دەستیپێکرد. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت: کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆرمان بە تەواوەتی چارەسەر کردووە.
یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، مەروان محەممەد، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ لە هەموو وێستگەکان، دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد، دوای 10 ڕۆژی دیکە لە نێو قوتابخانەکان تێستی تەواوی ئامێرەکان دەکەینەوە."
لەبارەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێکی دەنگدەران، مەروان محەممەد گوتی "یەکێک لە گرفتە گەورەکانی بەردەم کۆمیسیۆن کە ساڵانی ڕابردوو کێشەی گەورەی هاووڵاتییان بووە؛ نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر بوو، بەڵام لەم خولە ئەو گرفتەمان بە تەواوەتی چارەسەر کردووە. دوای ئەوەی دەنگدەرەکە، هەر 10 پەنجەی لەسەر ئامێرەکە دادەنێت و ئامێرەکە نەیخوێندەوە، ئەوا ئەو کاتە لە ڕێگەی کامێراوە، وێنەی دەموچاوی دەگیرێت و بەراوردی دەکات لەگەڵ ئەو وێنەیەی لەناو ئامێرەکەدا هەیە، ئەگەر هەمان کەس بوو، ڕێگەی پێ دەدرێت دەنگ بدات."
بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەش کرد "لە سنووری پارێزگای هەولێر، 53 بنکەی تۆمارمان هەیە؛ لە هەر بنکەیەکی تۆمار، وێستگەیەکی دەنگدان دەکرێتەوە. وێستگەیەکی دەنگدان لە نێو ئۆفیسی سەرەکی کۆمیسیۆن دەکرێتەوە و دوو وێستگەی دەنگدانی تایبەتیش بۆ هێزە ئەمنییەکان دەکرێتەوە."
لەبارەی تووشبووانی شەکرە، مەروان محەممەد گوتی "لەم خولەی هەڵبژاردن، تووشبووانی نەخۆشی شەکرە کێشەی دەنگدانیان نابێت و بێ پەنجەمۆر دەتوانن دەنگ بدەن." ئاشكراشی کرد "لە هەموو بنکەکان بۆ وێنەگرتنی دەنگدەران کامێرای زیرەک دادەنرێت."
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەکارهێنانی "مەرەکەبی هەڵبژاردن" بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دا، ڕاشیگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتری و سێ پەنجەمۆری دەنگدەران، ڕێکاری بەکارهێنانی مەرەکەبەکەیان نەهێشتووە.
بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، کە بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان نزیکەی 30 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی و هەرێمی کوردستان مافی دەنگدان و بەشداربوونیان لە پرۆسەکەدا هەیە.