دوای بەدواداچوونی کوردستان24؛ کەسێک بە تۆمەتی سووتاندنی ئاقاری ناحیەی زاویتە دەدرێتە دادگا
دوای بەدواداچوونی کوردستان24؛ پارێزگاری دهۆک بڕیاری دا، بە تۆمەتی سووتاندنی ئاقاری ناحیەی زاویتە، ڕێکاری یاسایی لەگەڵ کەسێک بگیرێتەبەر.
دوای ئەوەی دوێنێ شەممە، 09ـی ئابی 2025، کوردستان24 پاکێجێکی لەبارەی سووتاندنی ژمارەیەک دار "کاژ"ـی لە ئاقاری ناحیەی زاویتەی سەر بە پارێزگای دهۆک بڵاوکردەوە؛ ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بەو بابەتە و پاراستنی ژینگە بە شێوەیەکی گشتی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەرانی هەموو قەزا و ناحیەکانی سنووری پارێزگای دهۆک تێیدا بەشدار بوون؛ د. عەلی تەتەر بڕیاری دا، بە تۆمەتی سووتاندنی ئاقاری ناحیەی زاویتە، ڕێکاری یاسایی لەگەڵ کەسێک بگیرێتەبەر و جەختیشی لە پاراستنی ژینگە و سەوزکردنی زیاتری دەڤەرەکە کردەوە.
پارێزگاری دهۆک باسی لەوەش کرد، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەدواداچوون و ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی پێویست لە بەرانبەر هەموو ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە زیادەڕۆیی لەسەر ژینگە دەکەن و دارستانەکان دەسووتێنن.
هاوکات هێزی دهۆکی پاراستنی ژینگەی کوردستان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە سووتانی ئاقاری ناحیەی زاویتە پێک هێناوە و بۆ مەبەستە، هەماهەنگی لەگەڵ خەڵکی دەڤەرەکە دەکەن.
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی کوردستان24، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، نزیکەی 800 دۆنم زەوی و زیاتر لە دوو هەزار دار "کاژ" لە ئاقاری ناحیەی زاویتە سووتێنراون.