دەستەی گەشتوگوزار: مەرجە لە ناوچە گەشتیارییەکان شوێنی تایبەت بۆ بەرهەمی کاری دەستی و خۆماڵی دابین بکرێت
بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، مەرجە لە هەموو ناوچە گەشتیارییەکان، شوێنێکی تایبەت بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی کاری دەستی و خۆماڵی دابین بکرێت، ئەگەر نا، سزا دەدرێن.
یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە مەبەستی بەبازاڕکردنی بەرهەمی کاری دەستی و خۆماڵی، کردوومانەتە مەرج کە لە هەموو ناوچە گەشتیارییەکان، بە تایبەت هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان؛ پێویستە شوێنێکی تایبەت بۆ ئەو بەرهەمانە دیاری بکرێت، ئەگەر نا، سزا دەدرێن و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت."
سیروان تۆفیق گوتیشی "بە ھاوکاریی ڕێکخراوێکی ئەڵمانی و یونسکۆ، لە ماوەی ڕابردوودا، خولێک بۆ 380 کەس لە بواری دروستکردنی فەرش، تەسبیح، جوانکاریی ئافرەتان کراوەتەوە و دەرچووانی خولەکە لە ناوچە گەشتیارییەکان دەست بەکار بوون. ئێستا لە ھەموو ناوچە گەشتیارییەکان، بەرهەمی کاری دەستی و خۆماڵی لە لایەن کچ و کوڕانی وڵاتەکەمانەوە نمایش دەکرێن."
بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار دووپاتیشی کردەوە "پێویستە هەموو ناوچە گەشتیارییەکان و بە تایبەت هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان، تابلۆی کوردی لە جیاتی تابلۆی زمانی دیکە، ھەڵواسن. هاوکات لە ڕووی میوزیک و گۆرانیی کوردییەوە، ھەوڵ دراوە زۆرترین میوزیک و گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی لێ بدرێت."
سیروان تۆفیق باسی لەوەش کرد "ئامانجمان لەو کارە ناساندنی بەرهەمی کاری دەستی و خۆماڵیی هەرێمی کوردستانە بەو کەسانەی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانمان دەکەن، تا لەگەڵ خۆیان ببەنەوە بۆ وڵاتەکانیان."