عەزیز ئەحمەد: نزیکەی 437 هەزار فەرمانبەر مووچەی مانگی داهاتوو لە ڕێگەی هەژمارەی بانکییەوە وەردەگرن
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، زیاتر لە 430 هەزار کەس مووچەی مانگی داهاتوویان لە ڕێگەی هەژمارەی بانکییەوە وەردەگرن، ئاماژەشی داوە، ئەم ژمارەیە مانگانە زیاد دەکات.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ئێستا زیاتر لە 500 هەزار کارتی بانکی گەیەنراونەتەوە دەستی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
ئاماژەشی داوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەنیازە مانگی داهاتوو مووچەی نزیکەی 437 هەزار مووچەخۆر لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە بدات.
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی ئامارەکان مانگانە ژمارەی مووچەخۆر لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە بە ڕێژەی 15% زیاد دەکات.
بە گوێرەی ئاماری تۆمارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 800 هەزار فەرمانبەری حکوومی بەسەرکەوتویی لە پڕۆژەی هەژمار من تۆمارکراون.
هەروەها بڕیارە ئەم مانگە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی تۆڕێکی بەرفڕاوانی زیاتر لە 400 ئامێری پارە ڕاکێشان (ITM) مووچەکانیان وەردەگرن، هاوکات هەزاران خانەنشینیش لە هەنگاوی تاقیکاری دان بۆ ئەوەی مووچەکانیان بکرێتە دیجیتاڵی.
تۆمارکراوەکان بە گۆێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە:
| پارێزگا | ژمارەی سوودمەندان |
| هەولێر | 391,810 |
| سلێمانی | 218,175 |
| دهۆک | 200,155 |
| گشتی | 810,140 |